سێ كه‌س كه‌ دوانیان ئافره‌تن به‌زه‌برى هێز پاره‌ له‌ماڵێك ده‌سه‌نن

کوردستان

08/09/2024‌ 3935 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پۆلیسى سلێمانى ئاشكرایكرد، له‌سه‌ر سكاڵاى هاوڵاتییه‌ك، سێ تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ دوانیان ئافره‌تن، ده‌شڵێت:"ئه‌و سێ كه‌سه‌ چونه‌ته‌ سه‌ر ماڵێك‌و به‌زه‌برى چه‌قۆو هه‌ڕه‌شه‌ پاره‌یه‌كى زۆریان لێسه‌ندوه‌".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا پۆلیسى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك‌و لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕۆژهەڵاتەوە سێ‌ تۆمەتبار دەستگیركران.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە سێ‌ كەس چونەتە ناو ماڵەكەیەوەو بەزەبری چەقۆو هەڕەشە نزیكەی 30 ملیۆن دیناری عیراقییان لێسەندوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكانیان دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا هەرسێ‌ تۆمەتبارەكە بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن‌و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیرا بەسەر بڕێك پارەدا كە بەتۆمەتباران بوە".

پۆلیسى سلێمانى ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، تۆمه‌تباران دوانیان له‌ڕه‌گه‌زى مێینه‌ن‌و ته‌مه‌نیان 1996و 1997و ئه‌وى دیكه‌شیان نێره‌و له‌دایكبوى 1988، ئێستاش به‌بڕیارى دادوەر ڕاگیراون‌و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.