توركیاو كۆماری ئیسلامی ئێران دوژمنی نەتەوەی كوردن، بەبێ جیاوازی بۆ هەر یەك لە بەشەكانی جوگرافیای كوردستان . سیاسەتی بەرێوە چووی ئەو دوو دەوڵەتە دیكتاتۆڕە، بەدرێژایی مێژوو، لە سەر بنەمای رێگری كردن و بنەبڕ كردنی ستراتێژیی نەتەوەیی و نیشتمانیی كورد داڕێژراوە. بەهۆی ململانی و پیلانگێڕی دوو دەوڵەتی ئێران و توركیا، كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و قەوارەی هەرێمی كوردستان لەباشوور كەوتوونەتە بەر بەربڵاوترین و ترسناكترین گێژەڵووكەی سەربازی و سیاسی.
زۆر بە داخەوە دەسەڵاتی كورد بە تایبەت ڕێبەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەندین 10 ساڵە لەكەشوهەوایەكی ناڕەوای سیاسیدا هەڵسوكەوت و هەلسەنگاندن بۆ هەڵوێستەكان و سیاسەتەكانی رژیمی ئێستای ئێران دەكەن. ئەو ڕۆ زیاتر لەهەركات دەركەوتووە كە ئەو شرۆڤەو لێكدانەوە چەوت و چەوێڵە چەندە ناڕاست و بێبنەما بووەو چەندە چزەو ئازاری لێكەوتۆتەوە.
پەیوەندییەكان و پێڕەوییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر بنەمای پێداهەڵگوتن بە"گیانی پاكی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران" زیانی گەورەی بەبزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان گەیاندووە، هەر لەساڵەكانی 1990 بەسەدان پێشمەرگەو مرۆڤی بێ تاوان كەوتنە بەر تەوژمی تێرۆریزمی سوپای پاسداران و وەزاڕەتی ئیتلاعاتی ئێران و بەبێدەنگیی و تاڕادەیەك "هاوكاری یەكێتی نیشتمانی" زیاتر لەسێ سەد كەس بوونە قوربانی.
زۆر بەداخەوە، دوو ساڵ بەر لەئێستا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەواژۆكردنی ڕێككەوتننامەی ئەمنیی لەنێوان ئێران و عێڕاقدا بەشداریكردو كەوتە ناو بازنەی بەئەنجامگەیاندنی خاڵەكانی ڕیككەوتننامەكەو ئەوە لەكاتێكدایە كە حزب و ڕێكخراوە سیاسییەكەنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەندەی بۆیان لوواوە بەوریایی و بەرپرسیارانە بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی خەڵكی باشووری كوردستان و حكومەتی هەریمی كوردستان جووڵاونەتەوە، چاوەدێری بەرژەوندییەكانیان كردووەو ئێستاشی لەگەڵ بێت مامەڵەی ئاشتیانە لەگەڵ ئەو دۆخە ناڕەوایە دەكەن كە بەسیاسەتی داڕێژراوی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەدەستی دەوڵەتی عێڕاق و یەكیەتی نیشتمانی كوردستان بەئەنجامدەگات.
هەنگاوەكانی دوایی و داهاتووی ئەو شەپۆلە دژبەرییە بۆ سەر هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی بەرەو كوێ دەچن؟
ئەوەی كە سوورە، وەزاڕەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی، سپای پاسداران، دام و دەزگا سەربازی و ئەمنییەتییەكانی ئێران دەست هەڵناگرن لە بە جێ گەیاندنی پیلانەگڵاوەكانیان. ماوەتەوە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت یەكێتی نیشتمانی. ئەوانە دەبێ بزانن كە هەتا ئێستا زۆربەی داواكارییە نامرۆڤیەكانی ڕژێمی ئێران و عێڕاق دژ بە حێزب و ڕێكخراوەسیاسییەكانی ڕۆژهەڵات جێ بەجێ بووە. دەسەڵاتی كورد لە باشووە بە تایبەت لە سلێمانی باش دەزانن كە ئەو پێكهاتانەی ڕۆژهەڵات، واتە حیزبە سیاسییەكان نوێنەران و خۆشەویستانی خەڵكی ڕۆژهەڵاتن، هەر كردەوە و ئۆپێڕاسیۆنێكی ناڕەوا بۆ سەر ئەوان دەبێتە دەست درێژی بۆ سەر جەماوەری نەتەوەی كورد لەو بەشە لە كوردستان. ئەوانە نابێ وەك پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، ناكرێ وەك میوان چاویان لێ بكرێت. ئەوانە خەباتگێڕانی ڕێگای ئازادی كوردستانن، بە دەیان ساڵە بەتێكۆشانی نەبڕاوە و نەپساوە بۆ دەستەبەر كردنی مافەكان و دەست گەیشتن بە ستراتێژییە نەتەوەیی و ئینسانی و دادپەروەرییەكان گیانیان لەسەر بەری دەستیان داناوە و قوربانی زۆریان پێشكەشی مێژووی كوردستان كردووە. دەبێ كەرامەتی نەتەوەیی و ئینسانی وحورمەتی سیاسییان دەستەبەر بكرێت و ئەمنییەتی گیانیان بپارێزرێت. تێ هەڵێنانەوە بكرێ بۆ زیانەكانی كە وێیان كەوتووە، هەموو چەشنە ئیمكاناتێك بۆ ژیانی ئاسایییان دابین بكرێت بە خوێندنگە، نەخۆشخانە، شوێنی حەسانەوە و وەرزش.
لەم كاتو ساتە بەولاوە، هەر دڵۆپە خوێنێك لە لووتی كەسێك لە كوردەكانی سەر بە ڕێكخراوە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات دانیشتووی باشووری خاكی كوردستان بڕژێت، بەرپرسیارەتییەكەی دەكەوێتە سەر بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و دەسەڵاتی ئەو شوێنە كە ڕووداو لێێ ڕوو بدات.
هەروەها بەرپرسیارەتی ڕادەست كردنەوەی هەر پێشمەرگە،كادر و ئەندامێكی حێزب و ڕێكخراوە سیاسی و كەسایەتییە مەدەنییەكانی ڕۆژهەڵات دەكەوێتە سەر بەڕێوەبەرانی ئەوڕۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەڕانسە بە توندی ئیدانەی كۆت و بەندەكان، هاوكاری و هاودەنگییەكانی بەڕێوەبەرانی یەكێتی نیشتمانی و دەزگای ئاسایشی سلێمانی دەكا لەگەڵ ڕژێمی كۆنەپارێزی كۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە ڕێكخراوەكانی هەرسێك باڵی كۆمەڵە و هەموو لایەنەسیاسییەكان. ئێمە لەگەڵ شەرمەزار كردنی هەڵقەندنی سێ لایەنی كۆمەڵە و حیزب و ڕێكخراوەكانی دیكە و ڕاگوێزتنیان بۆ سوورداش یان هەر شوێنێكی دیكە، داوا لە بەرپرسان و ڕێبەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەین كە خۆ بپارێزن لە توند و تیژیی و هەڵوەدا كردنی خەباتگێڕانی كورد كە نزیك بە چل ساڵە لەو شوێنانە دا نیشتەجێ بوون. درێژە پێدان بەو جۆرە زەخت و گوشار خستنە بۆ سەر ئەو دامەزراوە سیاسییانەی ڕۆژهەڵات، بەرپرسان و ڕێبەرانی یەكیەتی لەسەر شانۆی كوردایەتی دەخاتە خوارەوە، بە تەواویش دژایەتی هەیە لەگەڵ ناوەرۆك و خالەكانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و كۆنوانسیۆنەكانی مافەكانی ئینسانی.
كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەرهنسا
پاریس، 7ی مانگی ئاگوستی 2024