شارپرێس:
ئاژانسی فرانس پرێس لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لەژێر ڕۆشنایی زیادبونی گرژییو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ئێران سیاسەتی دانبەخۆداگرتنی ستراتیژیی پەیڕەو دەکات لەمامەڵەکردن لەگەڵ هێرشە دوبارەبوەکانی ئیسرائیل، بەشێوەیەک خۆی لەوەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆو دەستبەجێ دژ بەئیسرائیل بەهۆکاری ستراتیژیی بەدوردەگرێت.
ئاژانسەکە باسی لەوەکردوە، شارەزایان پێیانوایە، تاران هەوڵدەدات خۆی لەململانێیەکی ئاشکرا لەگەڵ ئیسرائیل بپارێزێت کە ڕەنگە زیان بەبەرژەوەندییە ناوچەییەکانی بگەیەنێتو گۆشەگیریی نێودەوڵەتیی زیاتر بکات، هەروەک چۆن تێوەگلان لەشەڕێکی هەمەلایەنەدا دەتوانێت پلانە ناوچەییەکانی ئێران تێکبداتو سەقامگیریی ڕژێم بخاتە مەترسییەوە.
لەوبارەیەوە عومەر ڕەداد شارەزای بواری سەربازییو ئەمنیی ئاماژەی بەگۆڕانکاریی لەهەڵوێستەکانی ئێران بەرامبەر هاوپەیمانەکانی لەناوچەکە دەکات، چونکە ئەوە ڕونبوەتەوە کە ئێران درک بەوە دەکات کە حزبوڵڵا ناتوانێت بەتەنها ڕوبەڕوی ئیسرائیل ببێتەوە.
جەختیشیکردوهتەوە، ئێران هیچ نیازێکی نییە لەمڕۆدا بچێتە ناو شەڕەوە لەگەڵ ئیسرائیل یان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دیدێکی ستراتیژی قوڵتربێت کە پشت بەدروستکردنی هاوپەیمانیی نوێ لەگەڵ زلهێزەکانی وەک ڕوسیاو چین دەبەستێت بۆ بەرزکردنەوەی توانا بەرگرییو دیپلۆماسییەکانی.
ئەوەشی وتوە، لەبەر هۆکاری ستراتیژیی تاران هەوڵدەدات سود لەکات وەربگرێت بۆ بونیادنانی هاوپەیمانیی نوێو بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی، بەشیوەیەک لەجیاتی وەڵامدانەوەیەکی توند پەنا بۆ چرکردنەوەی هاوپەیمانێتییەکانی لەناوچەکە بەرێت، لەناویاندا ڕوسیاو چین کە دەتوانن پشتیوانیی سەربازییو دیبلۆماسیی بۆ دەستەبەربکەن، هەر لەبەرئەوەش بوە کە تاران بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنیە پەنای بۆ تۆڵەکردنەوە نەبرد.
ڕەداد پێیوایە خۆبەدورگرتن لەوەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بەشێکە لەستراتیژێکی گەورەتر کە ئێران لەڕێگەیەوە هەوڵدەدات سەقامگیریی سیستەمی ناوخۆیی قەیراناوی خۆی بپارێزێت، بەجۆرێک لێدوانەکانی ئەمدواییەی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کەباسی لەوەکرد، حزبوڵڵا توانای وەڵامدانەوەی ئیسرائیلی هەیەو تارانیش هیچ نیازێکی نییە لەم قۆناغەدا پەنا بۆ میکانیزمی جەنگیی بەرێت، ڕەنگە بەشێک لەم پەیامە پراگماتیکانە بێت کە هەوڵی دورکەوتنەوە لەپەرەسەندنی گرژییەکان دەدەن، بەپشتبەستن بەپلاندانانی ستراتیژییو وریایی بەرامبەر ئاڵنگارییە ناوچەییەکان.