ئەمریکا: بەکوژرانی نەسروڵڵا سەرکردایەتیی حزبوڵڵا توشی شپرزەیی بوە

جیهان

29/09/2024‌ 1494 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند، سەرکردایەتیی‌و کۆنترۆڵی حزبوڵڵای لوبنان بەتەواوی توشی شپرزەیی بوە، دوای ئەوەی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی ئەو هێزە ڕۆژی هەینی لەهێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ناوچەکانی باشوری بەیروت کوژرا.


ئەو بەرپرسە بۆ کەناڵی ABC News ی ئەمریکی وتویەتی، "ئەمریکاو ئیسرائیل پێیانوایە لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا نزیکەی 30 سەرکردەی حزبوڵڵایان لەناوبردوە، ئەمەش وایکردوە ئەو هێزە لاوازبێت".

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردوە کە گومان‌و نیگەرانیی قوڵ لەنێو سەرکردە ماوەکانی حزبوڵڵادا هەیە سەبارەت بەبونی سیخوڕ لەڕیزەکانیاندا.

هەروەک ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی ئەو گروپە بەتوندیی پەککەوتن دوای ئەوەی ئیسرائیل ئەو پەیجەرو ڕادیۆیانەی تەقاندەوە کە حزبوڵڵا بۆ پەیوەندیکردن بەکاریاندەهێنا.

حزبوڵڵای لوبنانی، دوای چەند کاتژمێرێک لەبەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیل کە کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای ڕاگەیاند، کوژرانی ئەمیندارە گشتییەکەی پشتڕاستکردەوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ئیسرائیل فۆکەسی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لەغەززەوە گۆڕیوە بۆ لوبنان، کە لەئەنجامی هەڵمەتێکی بۆردومانی چڕوپڕی ئاسمانییدا بۆسەر ئەو وڵاتە، زیاتر لە 700 کەس کوژراون‌و نزیکەی 118 هەزار کەسیش ئاوارەبون.