شارپرێس:
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق هۆشداریدەدات، ئەگەر ئەمریکا لەهێرشکردنەسەر ئێران تێوەبگلێت، بنکەو بەرژەوەندییەکانی لەعێراق دەکەنە ئامانج، بەفەرمانی سودانیش سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی لەبارەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامبدات.
دەستەی هەماهەنگی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق بڵاویکردەوە، "ئەگەر ئەمریکا لەهەر کردارێکی دوژمنکارانە دژی ئێران تێوەبگلێت، یاخود ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر خاکی ئێران بەکاربهێنێت، ئەوا بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی ڕاستەوخۆ بەرژهوەندییو بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق دەکاتە ئامانج".
هەروەها بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق، پیرۆزبایی هێرشەکەی ئێرانی بۆسەر ئیسرائیل لەعەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کردو بەسەرکەوتنی گەورە وەسفیکرد.
لەلایەکی دیکەوهو تایبەت بەدۆخی ئەمنیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکان کرد لەسەرتاسەری وڵات بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو 1ی تشرینی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سودانی سەردانێکی لەناکاوی بۆ بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کردو فەرمانیکرد؛ هێزە ئەمنییەکان بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە لەسەرتاسەری وڵاتو ئاستی هۆشیاری ئەمنیی بەرزبکەنەوە.
سودانی فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکان کرد ئامادەییان تێدابێت بۆ بەرگریکردن لەسەقامگیرییو ئاسایشیی عێراق، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ هەر جۆرە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو.
ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بەفەرمانی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی، 180 موشەکی بالیستی لەجۆری فەتاح، ئاڕاستەی خاکیی ئیسرائیل کرد، بەگوێرەی زانیارییەکان بەو هۆیەوە هەشت کەس کوژراونو ژمارەیەکی دیکەش بریندارن.
بڕیاریشە ئەمڕۆ 2ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی نائاسایی سەبارەت بەگرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامبدات.
چاوهڕوانیشدهكرێت لەدانیشتنەکەدا هەردوو نوێنەری ئێرانو ئیسرائیل بەشداریی بکەن، تیایدا ئەندامان تاووتوێی دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بکەن، دانیشتەنەکەش لەسەر داوای سویسرایە کە هەرخۆی سەرۆکایەتی ئەم خولەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات.