موراد قەرەیلان داوایەکی بەپەلە لە یەکێتی و پارتی دەکات

کوردستان

17/12/2024‌ 3683 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە داوا لە یەکێتی و پارتی دەکات، لەم قۆناغە مێژوویەدا بۆ ئافراندنی ستراتیژێکی هاوبەش بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە و دەڵێت: دەبێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بە بنەما بگیرین، نەک بەرژەوەندی حزبی.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت: تورکیا دەیەوێت سووریا  بە گوێرەی خواستەکانی خۆی دیزاین بکات. تا ئەم قۆناغەش وەک شۆڕشێکی سوونی-ئیسلامی هەڵیدەسەنگێنێت و وەک سەرکەوتنی خۆیی تەماشایی دەکات. لەم دواییەدا لە لێدوانەکانی ئەردۆغاندا کە لە ئەرزڕوم دایی، دەرکەوت کە ئەردۆغان هەڵدانی ئاڵای تورکیا لە حەلەب وەک سەرکەوتن دەبینێت. بە کورتییەکەی تورکیا دەیەوێت هەموو شتەکانی بە گوێرەی خواستەکانی خۆی ڕێکبخات.

قەرەیلان دەشڵێت: مەترسی هەرە گەورە تورکیایە و لەبەرئەوەی خاوەنی ئامانجی جیاوازە، ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتییان ئەوەیە لەو سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەیە، کورد ستاتۆ و پێگەیەک بە دەستنەخات، لە ئێستادا کورد، عەرەب، ئاشووری پێکەوە نزیکەی یەک لەسەر سێی سووریان بەدەستەوەیە، لە ئێستادا خواستی تورکیا لەناوبردنی ئەمەیە، بۆیە ئامانجی بنەڕەتییان ئەوەیە کورد لەوێ نەبێتە خاوەنی ستاتۆ، دەیانەوێت سوریایەکی ناوەندی دروست بێت و قورسایی دەخەنە سەر ئەوە، دەیانەوێت بە زهنیەتی عوسمانی نوێ، ئەم وڵاتە گرێدەن بە خۆیانەوە، یانی دەیانەوێت سووریا داگیرکەن و بیخەنە ژێر پاراستنی خۆیانەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، لەم قۆناغە گرنگەدا لە هەموو کاربەدەستە سیاسییە کوردەکان و بە تایبەت لە پارتی، یەکێتی، پەیەدە هەموو سەرۆک و هاوسەرۆکانی پارتەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ڕۆشنبیر و لە هەر کەسێک کە خۆی بە بەرپرس دەبینێت داوا دەکەم: لەم قۆناغە مێژوویەدا دەبێت هەموو کەسێک بە بەرپرسیارێتییەوە بجوڵێتەوە. نابێت هیچ کەسێک جەخت لە هەڵوێستی پێشووی خۆی بکاتەوە، با هیچ کەسێک لە پێش یەکبوونی پلاتفۆرمێک بە جیاوازییە فکری و ئایدۆلۆژییەکانییەوە نەبێتە ئاستەنگ.

قەرەیلان ڕایگەیاند، لە ئێستادا لە ڕۆژئاوادا نابێت گەلی کورد بکەوێتە نێو خزمەتکرنەوە. گەلی کورد لەوێ لاواز نییە؛ دەرفەتییان بۆ ڕەخساوە، بەڵام بۆ ئەوەی سەرکەوێت دەبێت هەموو سیاسەتەمەدارێکی کورد پشتگیریی لە ڕۆژئاوا بکات و وتی: بۆ نمونە تا ئێستا دەروازەی سنوری سێمێلکا داخراوە، ئاخۆ ئەمە چۆن هەڵسەنگێندریت! نابێت شتی لەم جۆرە هەبێت، لەم قۆناغە گرنگەدا نابێت لە نێو کورداندا دابڕان هەبێت؛ مێژوو ئەوە دەخوازێت.

موراد قەرەیلان جەختیکردەوە، مەترسییەکانی سەر ڕۆژئاوا گەورەیە، بەڵام هاوکات دەرفەتی گەورەیش لە پێشدایە، دەبێت گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا- ڕۆژئاوا لە بەرانبەر هەموو جۆرە هێرشێک ئامادەبێت.