شارپرێس- كەنداڵ جودی:
بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، کۆبونەوەکەی نێوان مەزڵوم عەبدیو مەسعود بارزانی ئەرێنی بوە، دەشڵێت:"لەبارەی پرسی نەوت ئامادەین گفتوگۆو ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی نوێدا بکەین"، ئاشكراشیدهكات، "ئەگەر بەهۆی هێرشە بهردهوامهكان بەنداوی تشرین لەناوبچێت، مەترسی گهوره لەسەر ناوچەکە دروستدهكات".
ماوهى چهند ڕۆژێكه میدیاى توركیا باس لهوهدهكات، ئیدارەی خۆسەر داوای لەحکومەتی نوێى سوریا کردوە لەسەدا 50ی نەوتى سوریا بۆ ئیدارەی خۆسەربێتو ئهوهش وهك ههوڵێكى جیاكاریى باسكراوه.
شارپرێس بۆ قسهكردن لهسهر چهندین پرسى گرنگو پهیوهست بهڕۆژئاواى كوردستانو ئیدارهى خۆسهر وهك هەڕەشەی هێرشه بهردهوامهكان بۆ بەنداوی تشرین، دیداری مەزڵوم عەبدیو مەسعود بارزانی، گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، سهرێکانیو گرێ سپی، ئهم دیداره تایبهتهى لهگهڵ ئەڤین سوێد هاوسەرۆک لەئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئهنجامداوه.
شارپرێس: بهڕێز ئەڤین، باس لەبابەتێک دەکەین کە بوەتە بابەتێکی گەرمو تورکیاش بەشێوهیهكى بهرچاو پەرەی پێدەدات، گوایه ئێوە داواتان لهئیدارهى نوێى سوریا کردوە لەسەدا 50ی نەوتی ههموو سوریا بۆ ئێوە بێت، ئایا ئەم زانیاریانە ڕاستن؟
ئەڤین: وەک ئیدارەی خۆسەر، پێش ڕوخانی ڕژێمی سوریاش لە 8ی کانونی دوەمی 2024 ڕامانگەیاندوە، کاتێک ئیدارەیەکی نوێ بۆ هەموو سوریا دادەمەزرێت، دەبێت خۆشگوزەرانی بۆ هەموو گەلی سوریا فهراههم بكرێت، بۆیە ئەو پرسەی ئێستا پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت، کە گوایه خواستى ئێمه لەسەر 50%ی نەوتی ههموو سوریایە، ڕاست نییهو ئێمە باسی هیچ شتێکی لەو جۆرەمان نەکردوە، بەوپێیەی هێشتا ناوچەکانمان لەژێر هێرشدان، وەک بەنداوی تشرینو پردی قەرەقۆزاخ، پێویستە سەرەتا ئاگربەست لەتەواوی ناوچەی سوریا ڕابگەیەندرێت، دواتر ئەو بابەتانە تاووتوێدەکرێن.
شارپرێس: ئەگەر ڕێککەوتنێک لەنێوان ئێوە (ئیدارەی خۆسەر)و حکومەتی کاتی دیمەشق بکرێت، ئامادەن مەلەفی نەوت ڕادەستی حکومەتی نوێى سوریا بکەن؟
ئەڤین: مەسەلەکە ڕادەست نەکراوە، دەبێت ڕێککەوتنێکی سیاسی هەبێت، ئەم ناوچانەی ئێمەش کە تا پێش ساڵی 2011 پشتگوێخرابونو لەسەروەتو سامانی (نەوتو گەنم) بێبەشکراون، دەبێت بەپشتبەستن بەڕێککەوتنێك ئهو پرسه یهكلابكرێتهوه، ئەم سامانە (نەوتە) بەیەکسانی بەسەر هەموو ناوچەکانی سوریادا دابەشبکرێت، ئێمە وەک ئیدارەی خۆسەر ئامادەین لەگەڵ حکومەتی نوێ لەسەر ئەم بابەتە بگەینە ڕێککەوتنو پێکەوە کار لەسەر ئەم مهلهفه بکەین، لەدەستپێشخەرییەکانی ئیدارەی خۆسەردا، بەڕونی ئەم خاڵە تایبەتەمان خستوهتەڕوو.
شارپرێس: باشە بهڕێز ئەڤین لەم چوارچێوەیەدا، دانوستانو پەیوەندییەکانی ئیدارەی ڕۆژئاڤاو حکومەتی کاتی بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شهرع چۆنە؟
ئهڤین: قۆناغی یەکەمی ئەم پەیوەندیانە لەکایەی سەربازیدا بوەو ئەمەش بەفەرمی ڕاگەیەندرا، بەڵام تائێستا ئیدارەی خۆسەر بەهەموو پێکهاتەکانیەوە لەکورد، عەرەب، ئەرمەن، سریانی، چەرکەس، تورکمان، هێشتا نەگەیشتوەتە دیمەشق، سەرەتا دەبێت نامەی ئەرێنی لەدیمەشقەوە هەبێت بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بەرەو دیمەشق بنرێت، بێگومان ئێمە وەک ئیدارەی خۆسەر دەچینە دیمەشق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتوی سوریا.
شارپرێس: بۆچونتان چییە لەسەر دیدارەکەی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ مەسعود بارزانی؟
ئەڤین: بێگومان دیداری کاک عەبدیو بارزانیمان بەڕوانگەیەکی ئەرێنی بینی، وەک چۆن هەموو خەڵکی کوردستان پێشتر پشتگیریی ئەم دەستکەوتەی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردوە، هەروەها نامەی پشتیوانی باشوری کوردستانو بەرگرییكردن لەڕۆژئاوای کوردستان، سەرچاوەی خۆشیو ئەرێنییە.
شارپرێس: بەبۆچونی ئێوە سوریای داهاتوو وەک ئیدارەیەکی خۆسەر، مەرکەزی، لامەرکەزی، یان فیدراڵی دەبێت چۆن بێت؟
ئەڤین: دەبێت گەلی سوریا خۆیان بڕیاربدەن کە سوریا چۆن دەبێت، بۆیە بەوپێیەی ئێمە ناوەندگەرایی سوریامان بەنەرێنی بینی، بەڕونی دەڵێین کە سوریا پێویستە لامەرکەزی بێتو شوناسێکی ناوچەیی هەبێت، چونکە لەناوچەکەماندا ئایینو گروپ زۆرن، بەڵام ئایا فۆڕمی لامەرکەزی جوگرافی دەبێت یان کارگێڕی دەبێتە بابەتی مشتومڕ.
شارپرێس: ئایا لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان هیچ هەوڵێک ههیه بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیاو گروپە چهكدارهكانى نزیك لهخۆى بۆسهر بەنداوی تشرین؟
ئەڤین: بەدڵنیاییەوە کۆبونەوەمان هەیە بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە، لەهەمانکاتدا نامەی فەرمیمان بۆ نەتەوەیەکگرتوەکانو بۆ ڕای گشتی نێودەوڵەتی ناردوەو داوامانکردوە هێرشەکان ڕابگیرێن، بەڕاستی مەترسی لەسەر ئەم هەرێمە هەیە، ئەگەرهاتو بەنداوی تشرین بكهوێته دهستى گروپه توندڕهوه چهكداره، ئەو ئەنجامانەی ئێمە دەمانەوێت هێشتا بەدینەهاتوە، بەوپێیەی هێرشەکان هێشتا بەردەوامن، بەڵام هەوڵەکانمان بۆ وەستاندنی تەواوەتی ئەو هێرشانە بەردەوامە.
شارپرێس: دوا پرسیار، بهڕێز ئەڤین سوێد، دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، زۆربەی پەنابەرانی سوریا گەڕاونەتەوە سەر ماڵو حاڵی خۆیان، بەڵام تەنها پەنابەرانی عەفرینو سهرێکانیو گرێ سپی ماونەتەوە بۆچی تائێستا نەگەڕاونەتەوە؟ ئایا هیچ هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنهوه؟
ئەڤین: بەڵێ بێگومان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکانی عەفرینو سهرێکانیو گرێ سپی بەگەرەنتی نێودەوڵەتی بگەڕێنەوەسەر ماڵو حاڵی خۆیان، بەگشتی هەوڵەکانمان چ لەناوخۆو چ لەدەرەوە بەردەوامە بۆ یارمەتیدانی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
