کوین سڵۆبۆدیان: هەڕەشەکانی ترەمپ بەزۆریی پوچەڵن

جیهان

28/01/2025‌ 2411 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کاوە جەلال لەئەڵمانییەوە كردویه‌تى به‌كوردى‌و دیداره‌كه‌ش له‌لایه‌ن مارک فۆن لیوپکە ئەنجامدراوە

دۆناڵد ترەمپ سەرلەنوێ حوکمی دەوڵەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکات، ئیلۆن مەسک پشتیوانێتی، ئایا پلانەکانی ئەو مەڵتیملیاردێرە چین کە دەیەوێت بەدییان بهێنێت؟ مێژوناس کوین سڵۆبۆدیان (Queen Slobodian) هۆشداریدەدات‌و ده‌ڵێت:"دەشێت ئەوە ترسناک بێت".

دۆناڵد ترەمپ پێش پێدانی پۆستەکەی، چەندین هەڕەشەو ئاگادارکردنەوەی ڕاگەیاند، ئێستاش ئەو کۆماری سەرلەنوێ سەروەرە لەکۆشکی سپی، جگەلەوە ترەمپ بەتەنها نییە، ئیلۆن مەسکی زۆر دەوڵەمەند بەهەمانشێوە ڕۆڵێک لەسیاسەتی ئەمریکادا دەگێڕێت، ئایا ترەمپ چیی دەوێت، بەتایبەتی: ئایا ئیلۆن مەسک چیی دەوێت؟ ئینجا چەند دەشێت گەڕانەوەی ترەمپ‌و جیهانبینییەکەی مەسک دراماییانە ئه‌مریكاو بەمەش باقییەکەی دیکەی جیهان بگۆڕن؟

ئەم پرسیارانە کوین سڵۆبۆدیان لەگفتوگۆکەدا وەڵامیان دەداتەوە، مێژوناس‌و نوسەری کتێبەکانی "گلۆبالیستەکان، کۆتایی ئیمپراتۆرەکان‌و لەدایکبونی نیۆلیبەرالیزم"‌و "سەرمایەگەری بەبێ دیموکراتی".

پرسیار: پڕۆفیسۆر  سڵۆبۆدیان، دۆنالد ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی‌و واى نیشانده‌دات هەست بەبرسێتی بۆ خاک بکات، ئایا ترستان لەکەنەدای وڵاتتان هەیە؟
کوین سڵۆبۆدیان: هەڕەشەکانی ترەمپ بەزۆریی پوچەڵن، من هەر ئەوها دوایەمین دەربڕینەکانی بەتایبەتی پەیوەند بەکەنەداوە دەرک دەکەم، ئەو تەنها بەفشاری ئابوری ئەوەی لەکەنەدا دەستدەکەوێت کە خۆی دەیەوێت، هەموو ئەوانەی دی هیچی دیکە نین جگە لەقاووقیژو چەواشەکاریی، ئەوە زۆر پارادۆکسە، لەلایەک کەسانی دەوری ترەمپ داوای کاریگەریی پەرەپێدراوی حکومەت‌و کورتکردنەوەی خەرجییەکانی ئه‌مریكا دەکەن، وەلێ ئەو لەلایەکی دیکەوە خەون بەکشانی ناوچەییەوە دەبینێت تا دەوڵەتی ئەمریکی فراوانترو گەورەتر بکات.

پرسیار: ئایا ئەوە تەواوه‌ بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو هەژاندنە شیاوانەی سیاسەتی دەرەوە کە پێدەچێت ئابوریی‌و بەهای پشکەکان داخ بکەن؟ وەلێ ئەمە ئه‌وكاته‌ ڕادیکاڵەکانی بازاڕ کە بەڕێزتان لەکتێبەکەتاندا بەناونیشانی "سەرمایەگەری بەبێ دیموکراتی" شرۆڤەی دەکەن، كه‌متر خۆشحاڵ دەکات؟
سڵۆبۆدیان: بەڵێ، ئەوه‌ ڕاستییەکەیه‌تى، هەروەها ژمارەیەکی دیكه‌ى کەسانی توندوتیژی لەئیدارەکەیدا هەیە (با ناویان بنێین مەخلوقەکانی بازاڕ) کە دەیوەستێنن، گەر بەو جۆرە نیازانە لەسنور دەربچێت.

پرسیار: بیل کلینتۆنى سەرۆکی پێشوترى ئه‌مریكا ساڵی 1992 ئەوەی بەمشێوەیە پوختکردەوە: "It‌s the economy, stupid!"، کەواتە ئایا دۆناڵد ترەمپ هەنوکە دەتوانێت گرمەگرم‌و هەڕەشە بکات تائەوکاتە کە سەلامەتیی ئابوریانەی ئەمریکییەکان لەمەترسیدا نەبێت؟
سڵۆبۆدیان: بەڵێ، زۆر ئەمریکی مەیلیان بۆ ئەوە هەیە کە بەجزدانەکەیان بیربکەنەوە، ترەمپ ساڵی 2020 لەبەر یەک هۆكار هەڵبژاردنەکەی لەدژی جۆ بایدن دۆڕاند، کۆڤید-19، گەر ئەو پاندێمییە نەبوایە، ترەمپ ئەو دەمە سەرلەنوێ هەڵدەبژێررایەوە، ئاخر ئەو لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پەرەیدا بەدەرهێنانی نەوت‌و گاز، ئەوەش قورسایی لەسەر جزدانەکانی زۆر ئەمریکی لابرد، ئەوە کاتێک بەهای پشکەکان بەرزبۆوە، گەرچی نایەکسانییەکی گەورە لەوڵاتدا هەبوو، سەرباری ئەوە هەستی گەشەو خۆشحاڵیی پەرەسەندوو باڵادەست بوو، ئەو دەمە ترەمپ سواری شەپۆلێکی گەشەی ئابوری بووبوو، تا ئەمڕۆش بەو گەشەیەوە پابەند دەکرێت.

پرسیار:
جۆ بایدن‌و کامالا هاریس دەبوو بەپێچەوانەوە سەرئەنجامەکانی کۆڤید-19و هەڵئاوسانی دراماییانەی هەڵکشاو لەئەستۆبگرن.
سڵۆبۆدیان: دروست ئەوهایە، گەر کامالا هاریس لەدوایەمین هەفتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیدا پەیامی پۆپولیستیی لەمەسەلەکانی ئابوریدا بەدەنگدەران بگەیاندایە ... نازانم ... ڕەنگە بەڕاستی بیبردایەتەوە.

پرسیار: ئایا دەبێت لەچەند ساڵی داهاتودا حساب بۆچی بکەین؟
سڵۆبۆدیان: ترەمپ پێش هەر شتێک ئینتەرتەینەرە، ئەوەش لەسەر زەمینەی شکۆفە چەند ساڵی‌و سەرکەوتوەکەی لە Reality-TV –دا، سیاسەتی نابەردەوامی ترەمپ لەلایەن ئەوکەسانەوە دیاریدەکرێت کە توانیویانە بۆ مەبەستی سیاسییەکانی خۆیان دەزگیری گوێی ئەو ببن.

پرسیار: کەواتە کێ ڕێگەی بۆ گەیشتن بەترەمپ هەبێت، ئیدی ئایا بەشدار دەبێت لەدیاریکردنی قەدەری ئەمریکای زلهێزدا؟
سڵۆبۆدیان: زۆرجار لەبارەی ترەمپ وا دانراوە کە جیهانبینییەکەی بەتەواوی لەلایەن ئەوکەسەوە دیاریدەکرێت کە ئەو پێش پێنج خولەک لەتەکیدا گفتوگۆی کردوە، من لەو باوەڕەدام ئەم وادانانە زۆر لەڕاستی نزیکدەکەوێتەوە، ئەو بۆ نمونە لەتوانایدایە لەیەک خولەکدا ئاگرینانە لەبارەی دێپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ بدوێت‌و لەخولەکی دوای ئەوەدا بیروڕای خۆی دەرببڕێت لەبارەی پێویستى ڤیزای H-1B بۆ پسپۆرانی لێوەشاوەی باڵا لەهیندستانەوە، حولحولێتیی بیرۆکەییانەی ئەوها سەرشێتانە بۆ ئێمە بێهودە دەنوێنێت، وەلێ ترەمپ هیچ کێشەیەکی لەتەک ئەوەدا نییە.

پرسیار: ئایا خودی ترەمپ چیی دەوێت؟
سڵۆبۆدیان: هیچ ترەمپیزمێکی ناوەڕۆکیانەی هاوبار لەگۆڕێ نییە، نە لەڕوی سیاسی‌و نە لەڕوی ئابورییەوە، با وا ببێژم، ترەمپ پۆپۆلیستێکی نمونەییە، پەردەیەکی بەتاڵەو مرۆڤ دەتوانێت پێشبینییەکانی خۆیان بپەخشێننە سەری. ئێوە پێشبینیی ئەوه‌ بکەن وەک لۆکۆمۆتیڤێک (مەکینەیەکی شەمەندەفەر) کە خەڵک ئیدێ سیاسییەکانی خۆیانی پێوە دەبەستن. ئەمەش ڕەوشەکە ئەوها پڕمەترسی دەکات. بۆیە کێ بییەوێت بزانێت داخۆ ترەمپ بەمزوانە چی دەکات، گەرەکە لەسەر ئاستی ئیدارە لەژێرەوەی ئەو بڕوانێت، ئاخر لەوێ کەسانی ئەووتۆ هەن کە ناوەڕۆکی سیاسەتی ترەمپ دیاریدەکەن.

پرسیار:
ئیلۆن مەسک لەم ساتەدا خاوەنی گوێی دۆناڵد ترەمپە، ئەم دەوڵەمەندترین پیاوەی جیهان گەرەکە لەئایندەدا بیرۆکراتی لەدەوڵەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کەمبکاتەوەو بەڕاهێنان حکومەت کاریگەر بکات، ئایا مەسک چیی دەوێت؟
سڵۆبۆدیان: سەرەتا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات، ئاخۆ دامەزراوە نوێکەی مەسک کە گەرەکیه‌تى پەرە بەکاریگەریی حکومەت بدات، بەگشتی خاوەنی ئۆتۆرێتی (دەستڕۆیشتوویی) بێت، ئاخر ئەو دامەزراوەیە بەشێک نابێت لەئیدارەی فەرمی، مەسک دوچاری بەرهەڵستیی زۆری فەرمانگە فەرمییەکان دەبێت کە زۆر چاک دەزانن، ئەوە هێندە ئاسان نییە خەرجییەکان بێ دودڵی لەو شێوەیەدا بسڕێنەوە کە مەسک پێشبینییدەکات.

پرسیار:
جگەلەوە مەسک خۆی چالاکوانێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بەڕێگه‌ی کۆمپانیاکانییەوە، بۆ نمونە SpaceX، پارەی زۆری لەدەوڵەت دەستدەکەوێت، قسه‌ى تۆ چییه‌؟
سڵۆبۆدیان: ئەو پێشبینییەکی ڕونی لەوبارەیەوە هەیە کە لەپارە بۆ ئامادەکردندا گرنگی بەچی بدات‌و بەچی نەدات، ئەوە بۆ مەسک نەسازی نییە کە وەزارەتی پەروەردەی ئەمریکا نەهێڵێت‌و هاوکات گرێبەستی دیکەی چەند ملیاری بۆ سپەیس ئیکس لەتەک حکومەتی ئەمریکیدا مۆربکات، بۆ نمونە بۆ هەڵفڕینی ساتێلایتە سەربازییەکان، بۆ مەسک جۆرێکی هیرارشیی پێداویستییەکان هەیە کە کاراییە ناوکییەکەی دەوڵەت وێنە دەداتەوە، لێرەشدا ئەم پێداویستییانە تەواو بەڕێکەوت چونیەکن بەو کایانە کە مەسک تێیاندا قازانجکەرانە چالاکە.

پرسیار: کەواتە کاتێک مەسک دەیەوێت زۆر خەرجیی دەزگای دەوڵەتی ئەمریکی بتاشێت، ئایا پلانی ئەوە دادەنێت کە هێشتا هەر کۆمەکی دەستبڵاوو پێسپاردە لەلایەنی حکومەتەوە وەربگرێت؟
سڵۆبۆدیان: مەسک لەکۆتاییدا دەیەوێت مەریخ ئاوەدان بکاتەوە، ئایا بۆ ئەو مەبەستە چیی پێویستە؟ پارە، پارەی یەکجار زۆر، مەسک لەنێو جۆرێکی جیهانی نێوانیدا دەژی؛ مەسەلەکە لێرەدا تێکەڵێکی دەرونییە لەسەر زەمینەی گەمە ڤیدیۆییە سۆسیال-دارڤینیستییەکان کە ئەو خۆی دەیانکات، هەروەها لەسەر بنەڕەتی کێبڕکێ لەبۆڕسە، مەسک جیهانبینییەکی پەڕگری (ئێکسترێمی) هەیە، ئەو جەختە کە ژیاری لەبەربونەوەی ستونیدایەو ئێمەش دەبێت لەپێناوی خۆهێشتنەوەماندا وەک ڕەگەز جێنشینگە لەوبەر زەمینەوە بنیاتبنێین.

وەلێ ئایا چۆن گەرەکە ئەو جێنشینگانە بەڕێوەببرێن؟ بەجەختی نەک دیموکراتیانە، مەسک بەپەرۆشەوە ئەمە دەردەبڕێت، ئێمەش گەرەکە بەهەمان شێوە زۆر زۆر بەجددی ئەو بگرین.

پرسیار: مەسک بەمەریخەوە خەریکە، بەڵێ، وەلێ ئایا تائەوکاتە چەند پلانێکی بۆ دەوڵەتە یەکگرتوەکان‌و زەمین هەیە؟ ئەو یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی ترەمپ بەرزبکرێتەوە بۆ نێو کۆشکی سپی، ئێستاش دوای ئەوە هێرشدەکاتەسەر کییر ستارمەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاو لەئەڵمانیاش دەیەوێت پارتی AfD (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) لەسەر دەسەڵات ببینێت.
سڵۆبۆدیان: فەزیلە لیبراڵەکانی وەک لێبوردەیی‌و هاوهەستی بۆ مەسک نیشانەی لاوازین، هیچ کەس ناتوانێت ئەو بهێنێتەوە هۆش خۆی، بۆ مەسک تەماع چاکە.

پرسیار: ... "تەماع چاکە"، ئەمە وەرگیراوە لەفیلمی "Wall Street" کە ساڵی 1987 دەرکرا.
سڵۆبۆدیان: دروستە، تەماع چاکە، وەلێ هاوهەستی لەڕوانگەی مەسکەوە شتێکە بۆ کەسانی بێهێزو ترسنۆک، ئەوها تاکلایەنە دەتوانین جیهاندیدییەکەی ئەو پوختبکەینەوە، یارمەتیدانی زارۆکان کە لەفێرگە پێداویستیی تایبەتییان هەیە یان ڕۆشناییدان بەنێوندی گشتی سەبارەت بەسودەکانی کوتان؟ ئەمجۆرە ئەرکانە کە دەکەونە ئەستۆی دەوڵەت، مەسک بەدزێویان دادەنێت، کاری ئەوها گەرەکە بۆ تاکەکەس یان بەکاربەر جێبهێڵرێت، هاوکات مەسک بەشادییەوە لەتەک دەوڵەتدا بیزنیس دەکات، پێسپاردەو کۆمەک وەردەگرێت.

پرسیار: ئایا چۆن هەڵوێستی مەسک بەرامبەر دەوڵەت‌و جڤاک دەپۆلێنرێت؟ ئایا ئەو نیۆلیبەراڵە، لیبەرتێرە یان ئاناڕشۆکەپیتالیستە، هاوشێوەی سەرۆکی ئەرجەنتین خاڤییر میلەی؟ یان تێکەڵێکە لەهەمویان؟
سڵۆبۆدیان: پێدەچێت ئێمە لێرەدا پەیوەندیمان بەشتێکی دیکەوە هەبێت. سەرەتا ئەم پرسیارە گەورەیە سەرهەڵدەدات: ئایا مەسەلەکە لێرە ئەوەیە کە دەوڵەت کلاسیکییانە بەشێوەی مۆڵگەیەکی سەربازی-ئیندوستریانە بۆ خۆ بقۆزرێتەوەو بەو ڕێگه‌یەشەوە چەند کۆمپانیایەکی دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر ببن دوای ئەوەی دەوڵەت دەبێت بەموشتەرییان؟ پنتە گرنگەکە لێرەدا ئەمەیە: گەر مەسک پلانەکانی خۆی بەجددی بگرێت، ئەوا مەسەلەکە زۆر پڕمەترسی دەبێت، ئاخر لەم ڕەوشەدا بەهیخۆکردنی دەوڵەت تەنها تەختەبازێک دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەو حەلکردنی خودی دەوڵەت.

پرسیار: ئایا هەوڵەکەی مەسک بۆ بەکاربردنی ئەم سیناریۆیە لەکەتواردا ژەشێت چۆن بنوێنێت؟
سڵۆبۆدیان: کێ پلانێکی بەو جۆرە دابنێت، دەشێت بتوانێت پۆستێکی باڵا لەڕێنوماییکردنی حکومەتدا وەربگرێت. مەسک بەمە گەیشتوە، ئاخر ئەو گەرەکە ڕێنومایی حکومەت بکات، هەنگاوێکی دیکەی لۆگیکیانە خولقاندنی دۆخگەلی ئەووتۆ دەبێت کە تێیاندا مرۆڤان ئیدی هەستدەکەن ناچارن لەپێناوی خۆیاندا بچنە شەڕەوە، بناغەکان بۆ ئەمە لەگۆڕێن، ئەویش بۆ نمونە کاتێک هەڵوێستە سیاسی‌و جڤاکییەکان هەمیشە پتر درزیان تێدەکەوێت، بۆ نمونە شارەکان هەمیشە زیاتر لەگوند نامۆ دەبن، پێدەچێت ئەمانە یەکەمین هەنگاوەکان بن.

پرسیار: لەکۆتاییدا چ ئەنجامێک خۆی دەبینێتەوە؟
سڵۆبۆدیان: پێدەچێت مەسک بۆی بلوێت بەدەستتێوەردانە بێنیزامەکانی لەکۆتاییدا کێشەیەکی گەورەمان بۆ بخاتەوە، من لەجۆرێکی تواندنەوەی دەسەڵاتی فەرمی‌و تایبەتی (پریڤات) دەدوێم، کە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی نێوەندیی لێدەکەوێتەوە.

پرسیار: ئایا پێشنیازەکەی مەسک بۆ هەڵبژاردنی AfD یەکێکە لەو دەستتێوەردانە بێنیزامانە؟
سڵۆبۆدیان: مەسک بەدەگمەن شتێک لەبارەی AfDو ئامانجەکانی دەزانێت؛ ئەو چالاکوانانی بێزارکەری خۆشدەوێت، سەربەخۆ لەپرۆگرامە سیاسییەکەیان. مەسک هەروەها زۆر کەم لەبارەی ڕاستڕەوی بەریتانی تۆمی ڕۆبینسن دەزانێت، کەچی ئەوە ڕێگه‌ی لێناگرێت لایەنی پارتەکەی ڕۆبینسن بگرێت‌و بەمەش دژی نایجل فاڕاج بوەستێتەوە، مەسک زۆرشت وەک پاشماوەی سەدەی بیستەم دەبینێت، لێرەشدا ئۆتۆمبێلە سوتەمەنی بەکاربەرەکانی شێڤرۆلێت‌و واشینگتن پۆست لەئەمریکا، یان SPDو CDU لەئەڵمانیا، سەر بەو پاشماوانەن، مەسک هەمویان لەسەر سەرەنوێلکی مێژوو دەبینێت.

پرسیار:
ئایا مەسک خۆیشی کە ساڵی 1971 لەئەفریقیای باشور له‌دایكبوه‌، مەخلوقێکی سەدەی بیستەم نییە؟
سڵۆبۆدیان: مەسک ئەوەیە زۆرتر لەوەی ئێمە پێشبینییدەکەین، ئەو سەرجەم تەمەنی زارۆکیی خۆی‌و ساڵانی گەنجانەی پێگەییوی لەوێ بەسەربرد. ئەو لەسەردەمی دەمەوکۆتایی ئاپارتایددا سۆسیالیزە کراو دوای ئەوەش لەدورەوە لەئەفریقیای باشوری پۆست-ئاپارتایدی دەڕوانی، هەردوکیان زۆر بەهێز شەقڵیان بەمەسکدا.

ئەو لەلایەک گۆڕانی بەهەستێکداوە کە لەجڤاکێکی نێو دۆخگۆڕیدا بەناچاری ناکۆکیگەلی تایبەتی سەرهەڵدەدەن، لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌ گەیشت بەو جەختییە، مرۆڤان لەوساتە تەنگژاوییانەدا کە ناچارن چەک هەڵبگرن‌و لەدژی هاوڵاتیانیان بەرگری لەخۆیان بکەن، زۆر کەم دەتوانن پشت بەفەرمانگە دەوڵەتییەکان ببەستن.

پرسیار: كه‌واته‌ ئایا چی بەدوای ئەوەدا دێت؟
سڵۆبۆدیان: فرە کەسانی ئەفریقیای باشور برەویانداوە بەهەڵوێستی بەنکەر (پەناگەی ژێرزەوی)، ئەم هەڵوێستە لەسەردەمی پێش‌و پاش ئاپارتایددا لەسەر بنەڕەتی بێمتمانەیی بەرامبەر زۆرینەی پێستڕەشانی دانیشتوان بنیاتنرابوو، لەنێو ئەم گروپەی جڤاکدا شێوازێکی ترساوو بەهێز میلیتاریزەکراوی ژیان‌و هزرین سەروەرە.

Gated Community، کۆنشینگەی داخراو، بۆ توێژی ناوەڕاست‌و سەرەوەی پێستسپی‌و ماوەیەکە بۆ توێژی سەرەوەی پێستڕەشانی ئەفریقیای باشور تەواو ئاساییە.

پرسیار: کەواتە ئایا مرۆڤ وای بۆ دەچێت کە گەمارۆ درابێت؟
سڵۆبۆدیان: لەکتێبەکەمدا بەناونیشانی "سەرمایەگەری بەبێ دیموکراتی" باس لەپێشبینیی سوڤەرێنێتییەکی تەواو وردوخاشکراو دەکەم کە تێیدا کار بەئەنجامگەیەنەرانی تایبەت (پریڤات)و هێزگەلی تایبەتی ئاسایش لەلایەن تاکەکەسانی دەوڵەمەندەوە دادەنرێن بۆ ئەوەی لەدژی دانیشتوانی دەوریان بەرگری لەخۆیان بکەن، درەنگتر هەڤاڵانم لەئەفریقیای باشور بەگەرمی دڵنیاییان پێدام کە ئەمە بەهیچ شێوەیەک پێشبینییەکی دژە-یوتۆپیانەی (دیستۆپیانەی) ئایندە نییە، بەڵکو ڕیالێتییە.

پرسیار: تۆقێنەرە ...
سڵۆبۆدیان: دروست ئەوهایە، لەدۆخێکی بەو جۆرەوە دوو گریمانه‌ دەکەونەوە. یەکێکیان نواندنی کردارە لەپێناوی ئەوەدا کە شتەکان گۆڕانیان بەسەردابێت‌و ئایندەیەکی دیکە بسازێنرێت کە ئیدی مرۆڤان ناچارنەبن لەدراوسێکانیان بترسن. ئەوی دیکەیان بەندە بەو گریمانەیەوە کە ئایندەی دیستۆپی بەناچاری دێت‌و مرۆڤیش دەبێت بەگوێرەی ئەوە خۆی بۆ ئامادەبکات.

پرسیار: ئایا گریمانه‌ى دوەم بۆ مەسک دەگونجێت؟
سڵۆبۆدیان: بەتەواوی، من جەخت ناكه‌م لەوەى کە ئەو بەگشتی توانای بۆ شێوازی دیکەی هزرین هەبێت، ئەزمونەکانی مەسک کە لەئەفریقیای باشور کردونی، لەئاڵوگۆڕدان لەتەک ناوەڕۆکی ئەو گەمانەی کۆمپیوتەردا کە ئەو دەیانکات، گەمەکان جیهانانی وردوخاشبوو کەتواران دادەڕێژن کە تێیاندا دەبێت مرۆڤ بۆ خاتری خۆهێشتنەوەی دەستبەجێ لەدژی هەڕەشەگەل پەرچەکردار بنوێنێت.

لەبەرئەوە مەسک جددیەتی پێویستی نییە بۆ ئەوەی مامەڵە لەتەک ئەو واتاو بەرپرسیارێتییەدا بکات کە پێگەکەی لەتەک خۆیدا دەیهێنێت. بڕوانن لەو شتانە کە بۆ سەر X پۆستیان دەکات، تەنها ئایندە دەریدەخات کە شتەکان چۆن گۆڕانیان بەسەردادێت.

پرسیار: تازە كاتى دەستبەکاربونی ترەمپ دەستی پێکردوە، ئایا دەکرێت وردتر ڕونی بکەنەوە کە ئاخۆ چوارساڵی ئایندە چی بهێنن؟
سڵۆبۆدیان: پلانە دانراوەکان بێچەندوچون بریتین لە: کرداری زەبرمەند لەسیاسەتی کۆچبەریدا کە پێدەچێت لەلایەک هەندێک بەشی دانیشتوان بەرهەڵستیی بکەن‌و لەلایەکی دیکەوە بەر ئاستەنگی یاسایی بکەوێت، بەبێئەو 12 ملیۆن کۆچبەرە نایاساییە کە ترەمپ دەیەوێت دێپۆرتیان بکاتەوە، بەدەگمەن کایەی ئابوری کارایی گونجاوی خۆی دەنوێنێت.

ترەمپ بەوەی دەزانی گەر کەمێک بیری لەوە بکردایەتەوە، من لەپاڵ ئەم شانۆ ناتیڤیستییەدا (شەڕکەرەدا بۆ دانیشتوانی ڕەسەنی خۆ لەدژی کۆچبەرێتی – و) چاوەڕوانی سیاسەتێکی دڕندەی بازرگانی دەکەم کە پشت بەسزادان‌و گومرگ دەبەستێت وەک چەکی دیپلۆماتییەکی هێرشبەر (ئەگرەسیڤ)، ترەمپ لەڕوی جیۆپۆلیتیکییەوە لەئایندەدا بەپاداشت‌و سزا کاردەکات.

پرسیار: کەواتە ئایا ئەوە بریتی دەبێت لەسەردەمێکی لەبار بۆ نیۆلیبەرالان‌و لیبەرتێران‌و نیهیلیستان؟
سڵۆبۆدیان: هیچ گومانم لەوەنییە. لەسەردەمی جەنگی سارددا ژمارەیەکی زۆر هزرڤان‌و هۆشچالاکی (ئینتەلێکتوێلی) نیۆلیبەراڵ هەبون بەکارایی سیاسییەوە، ئەوان بەتایبەتی گرنگییان بەوە دەدا داخۆ چۆن بتوانن بەسەر ئالەنگارییە چەپڕەوەکاندا زاڵ بن‌و بییانوەستێنن. وەلێ ماوەیەکە پێناسەی نیۆلیبەرالیزم تا ئەو ڕادەیە گۆڕانی بەسەرداهاتوە کە نوێنەرەکانی دوژمندیدییە سەرەکییە گەلەکییەی خۆیان وەرگۆڕیوە.

پرسیار: پێدەچێت پارێزەرانی کەش دوژمنە نوێ هەڵبژێرراوەکان بن؟
سڵۆبۆدیان: تەواو ئەوهایە، ئەوانە چیدی کۆمونیستەکان نین، بەڵکو کەسانی ئەووتۆن کە بۆ نمونە بایەخ بەپاراستنی ژینگەو فێمینیزم‌و یەکسانی دەدەن، من لەکتێبە نوێکەمدا بەناونیشانی "Hayek's Bastards" کە مانگی ئەپریل بڵاودەکرێتەوە، لەوبارەیەوە نوسیومه‌، هەندێک کەس شادمانن بەوەى کە ترەمپ-ێک هەیە وەک جەنگاوەر لەدژی مارکسیزمێکی کولتوری‌و پەرەسەندنی ئەو ژینگەپارێزی‌و کەشپارێزییە کە ڕەنگە گەشەی ئابوری بخنکێنێت.

پرسیار: وەلێ مەسک، سەرباری هەموو ڕەخنەیەکی ڕەوا لەو، بەپێشخستنی کارۆئۆتۆمبێل زۆری بۆ کەشپارێزی ئەنجامداوە.
سڵۆبۆدیان: بەڕاستی لەمەدا ئیرۆنییەک هەیە. پێشکەوتنخوازان بەگشتی هۆیان هەیە بۆ ئەوەی هیواداربن مەسک لەکوالیسیۆنەکەی ترەمپدا بمێنێتەوە.

یەکەم: ئەو هێزێکە بۆ وەرچەرخان لەدابینکردنی وزەدا (لەوزەی بەردەنی‌و ئەتۆمییەوە بۆ وزەی ژینگەپارێزی بەرهەمهێنراو بەتایبەتی لەباو ئاوەوە – و)، کەسێکە کە بەرامبەر کارەباویکردن‌و کەمکردنەوەی کاربۆن زۆر کراوەترە لەهەر کەسێکی دیکەی نێو تیمەکەی ترەمپ.

دوەم: ئەو لەسیاسەتی چیندا بەزۆریی کۆترە وەک لەوەی هەڵۆ بێت، چونکە دەیەوێت لەبازاڕی چیندا بمێنێتەوە، دەشێت مەسک بتوانێت خۆی وەک نێوانێك تیژیی چەند لێوارێکی پرۆگرامەکەی ترەمپ خڕبکات، ئەوەش بەڕاست بزوێنەر دەبێت کە داخۆ ناکۆکییەکانی نێو کوالیسیۆنەکەی ترەمپ زیاتر پەرەبسێنن، ئاخر ستیڤ بێنن-ی هاڕدلاینەر (توندئاژۆ) لەئێستاوە لەمەسەلەکانی کۆچبەریدا لەگه‌ڵ مەسک تێکچوە.

 

......................................................................................................   .............................................................................................
کوین سڵۆبۆدیان ساڵی 1978 له‌دایكبوه‌، مامۆستای مێژوی نێودەوڵەتییە لەزانكۆى بۆستن، ئەو کە مێژوناسێکی کەنەدییە، پسپۆڕی مێژوی نیۆلیبەراڵیزمە، ئەو لەبارەی ئەم مژارە کتێبە زۆر ڕەچاوکراوەکانی بڵاوکردەوە، "گڵۆبالیستەکان، کۆتایی ئیمپراتۆرییەکان‌و لەدایکبونی نیۆلیبەراڵیزم"و "سەرمایەگەری بەبێ دیموکراتی"، 15 ئەپریلی 2025 کتێبە نوێکەی بڵاودەبێتەوە، بەناونیشانی:
„Hayek‌s Bastards. Rece, Gold, IQ, and the Capitalism of the Far Right”.


سەرچاوە:
https://www.t-online.de › Politik › Ausland › USA


-------------------------------
فەرهەنگۆک
AfD: (Alternative für Deutschland / ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) پارتێکی نوێی ڕاستڕەوە بە ڕەهەندی نیۆنازیانەوە، تەنانەت لە ئاستی باڵایدا کەسانی نیۆنازی هەن.

ئاپارتاید: سیستەمی سیاسیی ئەفریکای باشوور لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا کە ڕەگەزەکانی (پێستسپی و پێستڕشی) جودا لەیەک دادەنا. بە هەڵبژاردنەکەی 1994 کۆتایی بەو سیستەمە هات و سیستەمی حوکمداریی زۆرینە چەسپێنرا. سەردەمی دوای ئەوە ناودەنرێت پۆست-ئاپارتاید.

CDU: Christlich Demokratische Union Deutschlands / یەکێتی کریستیانی دێمۆکراتیانەی ئەڵمانیا، پارتێکی کۆنزەرڤاتیڤە و لە ڕووی سیاسییەوە وەک تەرەفی ناوەڕاست-ڕاست دەپۆلێنرێت.

ئەنارشۆکەپیتالیزم: ئیدیۆلۆگییەکی ڕادیکالە کە داوا دەکات سەرجەم ڕێکخراوی جڤاکی لە لایەن گرێبەست و پەیوەندییە خۆخوازەکانی بازاڕی ئازادەوە دیاری بکرێت.

ئینتەرتەینەر: لە بنەڕەتدا کەسێکی هونەرمەندی بدووە کە جمهورەکەی ئاسوودە و کەیفخۆش دەکات، بۆ نموونە کابارێتیستەکان.

لیبەرتێر: خۆشویستەری ئازادی، ئازادیخواز، داوا دەکات کە جڤاک بەگوێرەی بازاڕی ئازاد بسازێنرێت، چونکە تەنیا بەو شێوەیە خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان فەراهەم دەکرێت. هەموو دەستتێوەردانێکی دەوڵەت لە کایەی ئابووری ڕەتدەکاتەوە، سیستەمی گلۆبالی هەنووکەی جیهان بە سۆسیالیستی دادەنێت.

سۆسیال-دارڤینیزم: جیهانبینییەکە کە تیۆریی ئێڤۆلوسیۆنی (گەشەسەندنی) چارلس داروین بەسەر جڤاکدا بەکاردەبات، وایدادەنێت توێژی سۆسیال و گروپی ئێتنی هەن کە بیۆلۆگییانە کەمتر لە گرووپی دیکە گەشەیانکردووە.

سۆسیالیزەکردن: بەکەسکردن (پێرسۆنالیزاسیۆن)، پرۆسەیەکە کە لە ڕەوتیدا مرۆڤی بیۆلۆگیانە جۆردراو لەنێو خێزانی ناوکی و لە فێرگە کاری تێدەکرێت خۆی بە نۆرم و بەها و هەڵوێستى نێوکەسییانەی جڤاکەکەی بگونجێنێت، هەروەها خۆی پێوەیان خەریکبکات تا کەسێتییەکەی گەشەبسێنێت‌و ببێت بەهاوڵاتییەکى بەتوانا.

SPD: Sozialdemokratische Partei Deutschlands / پارتی سۆسیالدێمۆکراتیی ئەڵمانیا، لە ڕووی سیاسییەوە وەک تەرەفی ناوەڕاست-چەپ دەپۆلێنرێت.

بەپەلە