21 پەرلەمانتاری ئەوروپا لەسەر هێرشەكانی توركیا هاتنەدەنگ و هۆشداری بەپەلە دەدەن

کوردستان

30/01/2025‌ 1951 جار خوێندراوه‌ته‌وه



21 پەرلەمانتاری ئەوروپا دژی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر گەلی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نامەیەكیان بۆ نوێنەری باڵای سیاسەتی ئەمنی و دەرەوی یەكێتی ئەوروپا و جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا كایا كاڵاس نووسی و داوایان كرد كۆمیسیۆنی ئەوروپا بە ئەركی خۆی هەستێت.

 پەرلەمانتارانی چەپی یەكگرتووی ئەوروپا، سەوز/فراكسیۆنی ئازادیی ئەوروپا، فراكسیۆنی چەپی پەرلەمانی ئەوروپا، فراكسیۆنی ڕیفۆرمیست و موحافیزكارەكانی ئەوروپا، هاوپەیمانی دیموكرات و سۆسیالیستەكان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ نامەكەیان نوسیوە و تێیدا هاتووە، ئێمە نیگەرانییەكانی خۆمان دەربارەی سوریا و بەتایبەت ئایندەی گەلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئێوە ڕادەگەیەنین.

دەشڵێـن "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریش وەك ئێوە سوریایەكی ئاشتییانە و هەمەڕەنگ و سەقامگیری دەوێت كە لەلایەن گەلی سوریاوە بەڕێوەببرێت. دوای ئەوەی لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسییەی بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە هاتە ئاراوە، پاش ڕزگاركردنی هەرێمەكە لە دەستی داعش، لەوكاتەوە ئەم پێوەرە بناغەی سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پێكدەهێنێت. لەنێو شەڕی ناوخۆییدا، پێكەوەژیانی ئاشتییانە و پەناگەیەكیان بۆ مافەكانی ژنان بنیاتنا، ئەمەش بۆ تەواوی سوریا بووە مۆدێلێك و خۆی وەك بەشێك لە سوریا دەبینێت".

ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن "ئێستا كە كاتی بڕیاردانە دەربارەی ئایندەی سوریا، ئەم مۆدێلە ئاشتیخواز و فرە كولتوری و فێمینیستییە لە ژێر هێرشی بەردەوامی میلیشیاكانی دەوڵەتی تورك و لەژێر هەڕەشەی داگیركاری دەوڵەتی توركدایە".

لەبەشێكی نامەكەدا هۆشداری دەدەن و دەڵێن "ئێمە بەتایبەت سەرنجتان ڕادەكێشین بۆ سەر بەنداوی تشرین لەسەر ڕووباری فورات كە لە ژێری هەڕەشەی دەوڵەتی توركدایە. ئەم هێرشە بووەتە هۆی ئەوەی تا ئێستە نزیكەی ملیۆنێك مرۆڤ لە كارەبا و ئاو بێبەش بن و مەترسی هەیە لە ئەگەری ڕووخانی بەنداوەكەدا كارەساتی مەزن بقەومێت. بەربوونی ئاوەكە ڕەنگە بەنداوی تەبقەش تێپەڕێنێت و ڕەنگە كاریگەری ڕووخانەكە بگاتە حێراق و سەدان هەزار كەس ئاوارە بكات".