شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوا دەکات هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ دەستبەجێ دەستبکەن بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجەی عێراق، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی
بەوەکرد، محەمەد شیاع سودانی دەڵێت، دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە بەپێی ئەو
دەقەی کە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کردووە، سەقامگیریی سیاسی بەهێزتر دەکات و هاوکاری
بەرزی نێوان حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران دەردەخات بۆ بەردەوامبون لە کارکردنی
پێکەوەیی.
ئەوەشیخستەڕوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی
عێراق سوپاسی پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە و داوا
دەکات هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەستبەجێ دەست بکەن بە
کارکردن بەو هەموارە نوێیە بۆ وەبەرهێنانی نەوت.
وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوەشکرد، کارکردن بەو
هەموارە نوێیە دەبێتە هاندەرێک بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و جێبەجێکردنی کارنامەکانی
حکومەت.