عەلی باپیر پەیامێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و هۆشداری دەدات

کوردستان

08/02/2025‌ 3224 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایگەیاند، مانگرتن و خۆپیشاندانی بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم شایستەی سوپاس و پێزانینە و هۆشدارییش بە بەرپرسانی هەرێم دەدات، کە دۆخەکە هەستیارە و هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن.

عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: نزیك دوو هەفتەیە ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیان بەمانگرتن لە خواردن كردوە، وەك هەڵوێست نواندن لە بەرانبەر شكست و كەمتەرخەمیی حكومەتی هەرێم.

ڕایگەیاندووە، مانگرتن و خۆپیشاندانی بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، لە شێوازەكانی بەرگرییكردنیان لە ژیان و گوزەرانی كۆی هاوڵاتییان، شایستەی سوپاس و پێزانینی هەموو لایەكە.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری هۆشدارییش بە بەرپرسانی هەرێم دەدات، هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە.

دەشڵێت: دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و لەپشت پەردەی رەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ.

جەختدەکاتەوە، بێگومانیش گیانلەدەستدانی هەر یەک لە مانگرە فیداكارەكان ئۆباڵ و بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی حكومەت و بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت.