چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هێزەكانی توركیا دەستیان كرد بە دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی لەناو فڕۆكەخانەی سەربازیی مێنگ لە باشووری شاری عەزاز لە باكوری حەلەب.
سەرچاوە تایبەتەكان ڕایانگەیاندووە، "هێزەكانی توركیا چەند ڕۆژ لەمەوبەر دەستیان كردووە بە گواستنەوەی بەربەستی كۆنكرێتی و پێداویستی لۆجستی لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە بۆ فڕۆكەخانەی سەربازی مێنگ كە دەكەوێتە دووری شەش كیلۆمەتر لە باشووری شاری عەزاز، بۆ دامەزراندنی ناوەندێكی بەرگری ئاسمانی".
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردووە، هێزەكانی توركیا بەنیازن لە ئایندەیەكی نزیكدا فڕۆكەخانە سەربازییەكە ڕێكبخەنەوە تا بیكەن بە بنكەیەكی بەرگری ئاسمانی و هەروەها نۆژەنكردنەوەی شوێنی نیشتنەوەی هەلیكۆپتەر لە چوارچێوەی بەهێزكردنی ئامادەیی سەربازییان لە باكوری سوریا.
فڕۆكەخانەی سەربازی مێنگ فڕۆكەخانەیەكی سەربازیی هەلیكۆپتەرە و دوو ڕێڕەوی فڕینی هەیە كە هەریەكەیان 1.2 كیلۆمەتر درێژیان هەیە.