لە ١ ی نیسان، لەنێوان ئەنجوومەنی گشتی گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و نوێنەرانی حكومەتی دیمەشق، ڕێككەوتنێكی ١٤ خاڵی واژۆكرا. بۆ جێبەجێكردنی خاڵی ٥ هەمینی ڕێككەوتنەكە، ئەمڕۆ هەردوولا دەستیان كرد بە لابردنی بەربەستی نێو شەقامەكان لە هەردوو گەڕەكەكەی حەلەب. بەمەش پاش ٤ مانگ، ڕێگەی هاتوچۆی نێوان ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود كرایەوە.
بەگوێرەی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، بە هاوكاری نێوان شارەوانی گەلی گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و شارەوانی حەلەب، بەربەستە خۆڵییەكان لابران. بازگەكانی دەوروبەری هەردوو گەڕەكەكەش گۆڕان بۆ خاڵی ئەمنی هاوبەش لەنێوان هیزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەی ئاسایشی گشتی. لە دەوروبەری هەردوو گەڕەكەكە ٧ خاڵی ئەمنی سەرەكی هەن.
بەرپرسی هێزەكانی ئاسایشی گشتی و نوێنەری دیمەشق بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، سوراقە عەموری بەئاژانسی (ANHA)ی ڕاگەیاند، ئازادكردنی زیندانییەكان لەلایەن هەردوو لاوە بەردەوام دەبێت، هەڵگرتنی بەربەستە ئەمنییەكان و بەڕێوەبردنی بازگەكان، هەنگاوێكی گرنگە. دامەزراوە ئەمنییە هاوبەشەكان دەبنە قەڵغان و خەڵكی مەدەنی لە هێرش و هەڕەشەكان دەپارێزن.