شارپرێس:
وەزارەتی دارایی هەرێم دەنگۆی هەبونی تێبینی لەسەر لیستی
موچەی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەتدەکاتەوە، ئەندامێکی لیژنەی داراییش
زانیاری نوێ لەبارەی خەرجکردنی موچە لەبەغداوە ئاشکرادەکات.
وەزارەتی دارایی و ئابوری لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت،"
لە چەند پەیج و
میدیایەک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە ئاماژەیان بەوەکردووە وەزارەتی دارایی عێراق
چەند تێبینییەکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
هەبووە ".
ئەوەشخراوەتەڕوو،"
ئەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە باس لەوەدەکەن کە گوایە یەکێک لە تێبینییەکان لەسەر
مووچەی بانکە حکومییەکان بووە بۆ مانگی نیسان، کە گوایە داوای دوو مووچە بۆ
بانکەکان کراوە و لەناو لیستەکاندا ناوی دوو بانک لە بیر کراوە و دواتر چارەسەر
کراوە ".
وەزارەتی دارایی
هەرێم لە ڕونکردنەوەکەیدا باسی لەوەکرد،" بە پێویستمان زانی بۆ هەموو لایەکی
ڕوون بکەینەوە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ مانگی نیسان هاوشێوەی مانگەکانی
پێشوو تەنها داوای یەک مووچە بۆ فەرمانبەرانی بانکەکان کراوەو هیچ گۆڕانکارییەک
لەلیستی مووچەکانیان نەکراوە ".
لەڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەش هاتوە،" هەرچەندە داواکردنی دوو مووچە بەپێی یاسا بۆ فەرمانبەری بانکەکان بۆ مانگەکانی
نیسان و ئاب و کانونی یەکەم ئاساییە و ساڵانە هەر فەرمانبەرێکی بانک لە عێراق و
هەرێمی کوردستان پانزە مووچە وەردەگرن کە سێ مووچەیان زێدەکییە ".
هاوکات، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی
عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد،" لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی
وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە خەرجکردنی موچەی
مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم".
نەرمین مەعروف ڕاشیگەیاند،" خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی
هەرێم پێویستی بە واژۆی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقە، بەڵام لە ئێستادا وەزیری دارایی
بەسەردانێکی فەرمی لە وڵاتی ئەمریکایە".
لەلایەکی دیکەوە، میدیای نزیک لە بزوتنەوەی گۆڕان لەزاری
سەرچاوەیەکییەوە بڵاویکردوەتەوە،" گەشتەکەی
تەیف سامی نابێتە ڕێگر لە واژۆكردنی بڕیاری خەرجکردنی پارەکە، چونكە بەهۆی پێشكەوتنی
تەكنەلۆژیاوە دەتوانرێت رەزامەندی بۆ وەربگریت ".