شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەگەڵ هەواڵگری هێرشیان کردووەتە سەر فەرماندەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە شاری غەززە.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕوونیکردەوە کە ئامانجەکە ڕائید سەعد بووە، کە پلانی هێرشی "٧ی تشرینی یەکەم"ی بۆ شکستپێهێنانی فیرقەی غەززەی سەر بە ئیسرائیل داڕشتووە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پشتڕاستیان کردەوە، ئامانجەکە ڕائید سەعد، فەرماندەی باڵای لیواکانی قەسام بووە و بە دووەم فەرماندە وەسفیان کردووە و سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەیان دووپاتکردووەتەوە.
بەیاننامەیەکی هاوبەشی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕوونیکردەوە، وەک تۆڵەی هێرشێکی حەماس بۆ سەر پێگەیەکی ئیسرائیل، فەرمانی کوشتنی ڕائید سەعد، فەرماندەی حەماسیان داوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەعد یەکێک بووە لە ئەندازیارانی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر و کاری بۆ ڕێکخستنەوەی حەماس و پلاندانان بۆ هێرشەکانی دژی ئیسرائیل کردووە.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، ئەو فەرماندەیەی کە کراوەتە ئامانج، بەشدار بووە لە هەوڵەکانی دووبارە دروستکردنەوە و بەرهەمهێنانی چەک بۆ حەماس، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشداری هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی چەکی بۆ بزووتنەوەکە کردووە.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە هێزەکانی ئیسرائیل لەم دواییانەدا هەوڵی کوشتنی سەعدیان داوە، بەڵام ڕزگاری بووە.
ئ.ح
