شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریدهداتو ڕایدهگهیهنێت، "مەترسیی داعش لەعێراق دوبارە سەریهەڵداوەتەوە"، دهشڵێت:"بەغدا حەز لەپەرەسەندنی شەڕ لەناوچەکەدا ناکاتو شەڕ لەخۆی دوردەخاتەوە".
لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندیی نێوان ئەمریکاو عێراق لەسەر چەند بنەمایەک دامەزراوە، لەوانەش ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، هەروەها هەڵوێستی هاوبەش هەیە، بەتایبەت سەبارەت بەشەڕی تیرۆریزمی داعش.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆی ستراتیژی لەنێوان عێراقو ئەمریکادا هەیە، بەمزوانە خولێکی نوێی دانوستانەکان دەکرێت.
ئهوهشى وتوه، "پەیوەندیی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق لەگەڵ نەمانی هەڕەشەی داعش گۆڕاوە، بەڵام ڕێکخراوەکە کار بۆ گەڕانەوەو بەدەستهێنانی چەک دەکاتەوە، هەوڵیشدەدات پلانی هێرشەکان دابنێت، بەتایبەتی دژی ئەو زیندانانەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێن لەسووریا، بە لەبەرچاوگرتنی بونی ژمارەیەک ئەندامی داعش لەوێ".
فوئاد حوسێن هۆشداریشیدا لەشەڕێکی ناوچەیی لەناوچەکەدا، کە کاردانەوەی مەترسیداری دەبێت، "گفتوگۆ بەردەوامە لەگەڵ لایەنی سوریاو هەماهەنگی نێوان وڵاتانی دراوسێی سوریا بەڕەهەندێکی ئەمنیی، سەقامگیریی لەسوریا بۆ عێراق زۆر گرنگە".
وهزیرى دهرهوهى عێراق زیاتر وتى:"لەگەڵ سوریا جەختمان لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەش کردەوە، بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری دەربارەی داعش، سەبارەت بەئێرانیش، بەغدا لێکۆڵینەوە لەسەر دۆخی ناوچەکەو پەیوەندیی نێوان واشنتۆنو تاران دەکاتو پاڵپشتی دانوستانەکانی نێوان هەردولا دەکات، چونکە ڕێکنەکەوتن بۆ ناوچەکە مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەگەر بابەتەکە بگاتە ئاستی شەڕ".
