شارپرێس:
سوریا پەرەسەندنێکی مەترسیداری گرژییە تائیفییەکان بەخۆوە دەبینێت، ئەویش دوای ڕوداوێکی خوێناویی لەشارۆچکەی جەرامانای زۆرینە دروز، لەنزیک دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە.
ڕوداوەکە دوای بڵاوبونەوەی تۆمارێکی دەنگیی بوو کە پیاوێکی دروزی سوکایەتی بەپێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەکات، وەڵامەکە بەخێرایی لەلایەن چەکدارێکی دەمامکدارەوە هات کە لەڤیدیۆیەکدا بە"شمشێرێک"ەوە دەرکەوتو هەڕەشەى لەو کەسە کرد کە ڤیدیۆکە تۆماردەکاتو بە"دوژمنی خودا" ناوی برد، ئەمەش شەپۆلێکی توندوتیژیی خوێناوی لێکەوتەوە کە بەهۆیەوە زیاتر لەدەیان کەس کوژران.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕایگەیاند، کار لەسەر ناسینەوەی ئەوکەسە دەکات کە لەپشت تۆمارەکەوەیە، هەروەک داوای ئارامگرتنی کردو داوایکرد نەخزێنە ناو پشێوییو بێسەرەوبەرەییەوە، بەڵام ئەم ڕوداوە ترسی سەرهەڵدانەوەی ململانێی تائیفی دروستکردو ڕوداوی کۆمەڵکوژی ناوچە عەلەوییەکانی مانگی ئازاری وەبیرهێنایەوە کە بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ گیانی زیاتر لەهەزارو 600 عەلەوی کوژران.
ئەم هەڵکشانی گرژییە تائیفییە لەکاتێکی هەستیاردایە، لەکاتێکدا ئەحمەد شەرع سەرۆکی ڕاگوزەری کۆماری سوریا لەلایەن سێ کەمینەی گەورەوە یاخیبون دەبێتەوە، ئەوانیش کورد لەباکوری ڕۆژهەڵات، عەلەوییەکان لەکەناراوەکانو دروزەکان لەباشور.
قامیشلۆ میوانداریی کۆبونەوەی لایەنە کوردییەکانی کرد کە بەداواکاریی بۆ سیستمی لامەرکەزیی کۆتاییهات کە دیمەشق بەپێشێلکردنی ڕێککەوتنێک لەقەڵەمیدا کە لەمانگی ئاداری ڕابردوو لەنێوان حکومەتو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆکرابوو.
سەرۆکایەتیی کۆمار بەناردنی هێز بۆ بەنداوی تشرین وەڵامی ئەو کۆنفرانسەی ڕۆژئاوای کوردستانی دایەوە، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ گرژکردنی دۆخەکە سەیر دەکرێت.
لەباشوریش پێکهاتەی دروز چوەتە ناو مشتومڕێکی ناوخۆیی لەسەر ئایندەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی دیمەشق، بەشێکیان داوای جیابونەوە یان تەنانەت پەیوەستبون بەئیسرائیل دەکەن، کە ئەو وڵاتە بەڵێنی پاراستنیانی داوە.
لەکەناراوەکان، ڕامی مەخلوف ئامۆزای بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو، پێکهێنانی هێزێکی چەکداری بۆ پاراستنی عەلەوییەکان ڕاگەیاند، ئەوەش بەهاوکاریی لەگەڵ سوهەیل حەسەن (نمر) کە تۆمەتبارە بەئەنجامدانی پێشێلکاریی گەورە.
هەرچەندە، وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕەتیدەکاتەوە هێزەکانی حکومەتی سوریا هێرشیانکردبێتەسەر جەرامانەو ڕوداوەکە والێکدرایەوە کە لەناڕەزایەتییەکەوە پەرەیسەندوە بۆ پێکدادان، بەڵام کوژرانی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان گومانی لەدەست تێوەگلانی دەوڵەت یان نەرمیی نواندن بەرامبەر بەچەکدارەکان دروستکرد.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتانە، پێدەچێت یەکگرتویی سوریا لەمەترسیدابێت، لەگەڵ پەرەسەندنی داواکارییەکان بۆ ئۆتۆنۆمیی لەبەرامبەر سیستەمێکی مەرکەزیدا کە زۆرێک پێیانوایە ئەو سیستەمە ناوەندییە نەیتوانیوە هەموو پێکهاتەکانی بپارێزێت.
لای خۆیانەوە چاودێران پرسیاری جددی دەوروژێنن: ئایا وڵاتی سوریا بەرەو هەڵوەشاندنەوەی زیاتر دەڕوات، یان حکومەتی شەرع سەرکەوتوو دەبێت لەکۆنترۆڵکردنی توڕەیی کەمینەکانو دوپاتکردنەوەی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر خاکی سوریادا؟
