شارپرێس:
وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان ڕایدەگەیەنێت، بهگوێرهى زانیارییە هەواڵگیرییەکانیان، هیندستان لەپلانیدایە لەماوەی 24 تا 36 کاتژمێری داهاتوو هێرشی سەربازیی بکاتەسەر پاکستان، دەشڵێت، "وەڵامی قورسو یەکلاکەرەوەمان دەبێت".
عەتاڵا تارە وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان ئاماژەی بەوەکرد، "هیندستان کۆمەڵێک بیانوی بێبنەما بۆ هێرشکردنەسەر پاکستان دەهێنێتەوە، لێککەوتەکانی ئەو شەڕەش لەسەر ئەستۆی نیودهلهی دەبێت".
هاوکات، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستێوەردان لەبابەتەکە بکەنو ڕێگریی لەهەڵگیرسانی ئەو شەڕە بکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە، میدیاکانی هیندستان بڵاویانکردەوە، ناریندرا مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان دەسەڵاتی تەواوی بەسوپای وڵاتەکەی داوە، بۆ ئەوەی وەڵامی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو لەهەرێمی کشمیر بدەنەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەشارۆچکەی بهالگام لەکشمیر، هێرشێکی تیرۆریستی کرایەسەر پاسێکی گەشتیارانو بەهۆیەوە 25 کەسی هیندستانیو کەسێکی نیپاڵی کوژران، حکومەتی هیندستانیش پاکستان بەهۆکاری هێرشەکە تۆمەتباردەکات، بەوەش گرژییو ئاڵۆزی کەوتە نێوان ئەو دوو وڵاتە زلهێزە کە هەردوکیان خاوەنی چەکی ئەتۆمین.
