فازیل شــەوڕۆ - دوبلن
لەم سالانەی دواییدا، لە باشووری کوردستاندا، لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندندا - لە باخچەی مندالانەوە بگرە تا زانکۆ، بووەتە نەریتێکی ساڵانە، لە دوای نەورۆزە و تا کۆتایی مانگی ئایار، کۆڕ و کۆبوونەوەی گەورە گەورە، لە گۆڕەپان و باخ و حەوشە و یاریگا و هۆڵەکانی ئەو مەڵبەندانە بەرێوەدەچێت. مانشێتی سەرەکی ئەم چالاکییانە (فیستڤاڵی کەلتووری)یە، بەدەر لە جیاوازیی ناونیشانەکانیان:"ئاهەنگی کەلتووری، دیداریی کەلتووری، کۆبوونەوەی جەماوەریی کەلتووری، یادکردنەوەی کەلتووری کوردی، نمایشی کەلتووریی، فیستڤاڵی کەلتووری هۆزی xxx ... تاد."
لەوەتەی ئەم بۆنەیە بووەتە باو لە باشووردا – بە هەموو دەڤەر و ناوچەکانیەوە، ڕێوڕەسم و تەدارەک و ئامادەکاریی و نمایشکردنەکانیان، یەک قالب و یەک ڕەنگ و یەک ڕووخسارن. بە دیوێکی دیکە؛ ئەگەر تۆ لە بەهاری ٢٠١٢ چووبیتە دیدەنی فیستڤاڵێکی کەلتووری لەو پەڕی کوردستان، ئێمڕۆش، بچیتەوە سەردانی هەر فیستڤاڵێکی نوێ کە زۆر دوور، لە دەڤەرێکی دیکەدا، بەڕێوەدەچێ، کتومت، هەموو "شتەکان"، هەمان "شتە نمایشکراوەکانی ساڵی ٢٠١٢'"ەن. بەقەد سەرەدەرزییەک گۆڕانکارییان تێدا نابینی، جگە لە بینینی ئەو لاوک و خەزاڵە تازە پێگێشتووانە، کە تازە دێ پێبگەن.
خڕ فیستڤاڵە کەلتووریەکانی باشوور، تا ئیمڕۆ – ئایاری ٢٠٢٥، بەم شێوەیە بەڕێوەچووین و بەڕێوەدەچن:
فێرخوازەکان، لە منداڵەوە و بگرە تا زانکۆیی، قەدەرەک پێشتر داوایان لێدەکرێت، کە هەوڵ دەن، هەر شتێکیان هەبێ لە ماڵەوە یان لە ماڵە دەروودرواسێیەکانیان "سیما و بونی کەلتووری کوردەواری هەبێ" لەگەڵ خۆیان بیهێنن بۆ نمایشکردنیان. چەند دەستەیەک لەو گەنجانە ڕادەسپێرین، بۆ ئامادەکاریی لە شوێن و کەرەستە دابینکردن و نمایشکردنی کەلوپەلەکانیان. تەنانەت هەنە دەچن لە کەلتوورخانە تایبەتیی و حکوومییەکانیش، هێندێ کەلوپەلی کەلتووری دەخوازنەوە. جار هەیە لەو دەزگایانەش شتومەک دەخوازنەوە کە بازرگانین. دەبێ لەم تەرزە فیستڤالەدا، خێوەت هەڵبدرێت و بووک بە کەژاوەی ئەسپ، یەکلەنجەی بە دەوریدا بکرێت و لە گۆڕەپانەکاندا بگێردرێت.
بێگومان، مەقەستی زێڕینی پەتبڕین، زۆربەیجار، هەردەبێ لەسەر سەبەتەی پڕ لە گوڵ بۆ "بەرپرسی حزبی و حکومی" ڕاگیرێت. نەبووە، ڕۆژێک، شوانێک، گاوانێک، باخچەوانێک، سەپانێکی پیری گوندێک... بێت و ئەم پەتە ببڕێ.
جا کە دەکەویتە گەڕان و سوڕان بەناو کەرەستە و کەلوپەلە نمایشکراوەکاندا، هەمووی، ئەوانەی ساڵی ٢٠١٢ەن: چەندان مەنجەڵە چێشت – کە بەدگمەن چێشتی کوردەواری ڕەسەنن، هەرچی سەماوەر و ئاون و گومگومە و لامپا و فانووسی گەڕەکێ هەیە، لەوێ دەیان بینیتەوە. یەکدوو تفەگبەشان، لە ناوە، بە بڕنە وکۆنە تفەنگی ئینگلیزی و خەنجەری بەرپشتێند، دێن و دەچن. تەماشای هەر لایەک دەکەی ئاڵایە و کاڵای ڕەنگاوڕەنگ و میزڵدانە.... هەنە نانی کوردی دەکەن، هەنە دەستاڕ لێدەکەن، هەنە گوڕەوی دەچنن.... تاد. قەفەزە کەوی کەوبازەکانیش دێنن... سەرتان نەهێشینم، ئەو ڕۆژە، دەبێتە ڕۆژی مەحشەر و هەموو شتێک دەبینی، جگە لە
"یەک داهێنانی نوێ، سەرچاوە و کانگاکەی ئەم کەلتوورە ڕەسەنە بێت."
ئەلهەقی، هەموو مەسرەف و تێچووی ئەم هات و باتە، کەم بێ یان زۆر، لەسەر حیسابی گیرفانی بەتاڵی مامۆستا و خوێندکارەکانە، کەس دوو قوروشیان کۆمەک ناکات، لە بێرمە جارێکیان، لە کۆیە، بە هەزار ناڵەی عەلی، خێوەتێکیان پێ پەیدا بوو بە دوو سەت دۆلارێک – بە کرێی هەڵدانیشەوە – ئێ! خۆ خێوەت بەم گەنجانە هەڵنادرێت!
(پێشتر، لە نووسینێکمدا دەربارەی "تەکنەلۆژیایی سەردەم و کەلتوور" بابەتێکم بڵاوکردوە و لە چەند سیمینارێکێشدا نمایشم کرد و قسەم لەسەر کرد.)
ئێستا، پرسیارێک یاخەمان دەکرێ: ئایا لەم سەردەمەدا، کە تەکنەلۆژیا باڵادەستە، دەکرێ، کەلتوورەکەمان، بە شێوازی جوانتر نمایش بکەین و زیندوو بکەینەوە:
بەڵی، دەتوانین.
دەتوانین، ئەم داهێنان و ئەفراندن و چالاکییانە نمایش بکەین و پێشکەش بکەین. بێگومان ئەم مەڵبەندانەی خوێندن بە سەدان، بگرە بە هەزاران خوێندکاری کەنجی لاوک و خەزاڵیان هەیە و پسپۆڕ و هونەرمەند و نووسەر و ئەدیب و ئارەزوومەندیشیان تێدایە، کە دەتوانن دەستیان بگرن.
ئەم بڕگانەی خوارەوە، ئامادەکاریی پێشوەختیان دەوێ، بە شێنەیی نەک بە پەلە پەل، هەر نەبێ پێنج شەش مانگیان گەرەکە:
یەك: هونەر و دەربڕینی داهێنەرانە، وەک:
هونەرە بینراوەکان:
کێشان و درووستکردنی تابلۆی شێوەکاریی دەربڕی کەلتوورەکەمان؛ درووستکردنی پەیکەر و پەیکەرسازیی بە کەرەستەی فرەچەشن؛ دیواربەندی بە شێوەی هونەری و کەرەستەی تازە؛ نمایشی فۆتۆگرافی و هونەری دیجیتاڵی و جواننووسی.
دەکرێ ئەوانەی سەرەوە بۆ هەمیشە بمێننەوە و ببنە بەشێک لە جوانکاریی ژیار و شارستانیمان. چەند جوانە لە زانکۆیەک، دیواربەندێکی بەرز و بڵند و جوان لە شوێنێکی دیار و بەرچاو دروست بکرێ و دووسەت ساڵ تەمەنی بێت؟!
مۆسیقا و سەما:
عەیامێکە بەدەگمەن گوێمان لە گۆرانییەکی نوێی کوردی دەبێت کە سەرچاوەکەی کەلتووریی بێت و تازەگەریی و نوێکاریی تێداکرابێ. فۆرمەکانی مۆسیقای نەریتی دەکرێ بگوڕین، ژانرەکانی مۆسیقای هاوچەرخ دەکرێ بە سەما و هەڵپەڕێکی کوردەواری جوانتر بکرێت. پۆشاک و دیزاین و هونەر، دەکرێ تێکەڵ بکرێن و بەرهەمی – تەنانەت بازرگانیشیان- لێ بەرهەم بهێنرێت.
ئەدەب و شیعر:
کەلتووری کوردی، کەلتووری میللییە، تەنانەت شاعیرە لاسیکییەکانمان، جاران شیعرەکانیان لەسەر زاری مەلا و فەقێ و سوختە و حاجی و دەروێش و سوفی و کاسبکاران بوو. کێ هەبوو زۆربەی شیعرەکانی مەحوی و نالی و پیرەمێرد و حاجی قادری ئەزبەر نەبێ. دەکرێ ئەم سکرینە گەورانەی گۆڕەپانەکان و بەو ئامیرە تەکنەلۆژیانە، هێندە هونەرمەندانە، نمایشی ئەدب و شیعرمان بکرێتەوە. ئەدی حیکایەتی بەر ئاگردان، ئەدی مەتەڵ و پەند و بەیت و بالۆرە! تا بە ڕیزی وەک شانۆ، خەڵک دەستە دەستە بە دیاریانەوە دانیشن. قەت شتێکی ومان نەدێ، تەنانەت لە زانکۆ تەکنەلۆژییە بالاکانیشمان. دەکرێ ئەدیب و شاعیرانمان زیندوو بکەینەوە لەم تەرزە بۆنەدا، کە جەماوەرێکی گەورە ئامادەیە بۆ تەماشاکردنیان و گوێڕاگرتن.
دوو: فێستیڤاڵ و ئاهەنگەکان:
جەژنە نەتەوایەتی و ئاینییەکان، دەبێ زیندوو بکرێنەوە، وەک سەردەمی باب و باپیرانمان، تا نەوێ نوێ بزانێ چۆن ئەوان ژیان دەگووزەراند. کە چێشت نمایش دەکرێ، دەبێ بە جۆرێک ڕێکلامی بۆ بکرێت، نەک هەر کوردەکە خۆ، بەڵکوو کەسانی بیانیش، بێن لاسامان بکەنەوە و بگەنە کافتریا و چێشتخانە جیهانییەکان. زانستییانە پێکهاتە تەندرووستییەکانی ئەو خۆراکانە بەیان بکرێن و هانی خەڵک بدەن سوودیان لێ ببێن.
تێکەڵکردنی کەلتوورەکان:
ڕاستە بۆنەکان تایبەتن بە کەلتووری کوردەروای، بەڵام چەند دەوڵەمەند دەبین، کە ئەم کەلتوورە، بە نمایشکردن، لەگەڵ کەلتووری نەتەوەکانی دیکە بەراورد بکرێت. بۆ نموونەی، شێوازی چنینی بەڕە لە لای ئێمەوە چینینی بەڕە لە لای هیندییەکان، یان مەغۆلەکان، یان ئینگلیزەکان، پێش سەد ساڵ.
سێ: ژیان و پراکتیزەکانی ڕۆژانە:
زمان مەزنترین و پیرۆزترین و بایەخترین کەرەستەی کەلتووری کوردییە.– حەیف و مەخابن، تەواو لەم بۆنەدا، غائیبە و هچ حزوورێکی نییە. ئەوم کوڕ و کچە گەنجانە یەک پارچە، وزە و تین و هزر و خەونن، دەکرێ لەڕێی وتاربێژیی، ڕەوانبێژیی، لاسایکردنە، تەمسیل، دەنگ و ئاواز، و بەهرەی جۆراو جۆرا، بایەخ بە زمان بدرێت، با ناڕاستەوخۆش بیت، گرنگ، زمان بکرێتە کەرەستەیەکی زیندووی ئەم بۆنانە.
پۆشاک و خشل و ئیکسسوارات:
گەنجینەیەکی یەکجار دەوڵەمەندمان لەم سێ شتە هەیە. دەبوویایە ئەم بۆنانە بکرێن بە باشترین سەکۆ بۆ ناساندنی ئەم شتە کەلتووریانەمان و دیسان دروستییان بکەینەوە. ئیمڕۆ شانازیی بە نەخشی زێڕی (خەلیجی) دەکەن، لە کاتێکدا جوانیی خشڵی کوردی کەموێنەیە لە جیهاندا. حەیف لای خۆمان بێقیمەتە.
نۆرم و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان:
کورد، چونکە لەناو شاخ و داخدا ژیاوە وهەوارەکەی سەخت و دوورەدەست بووە، خاوەن داب و نەریتی خۆمان بووین، بۆ نموونە، ێیوازی پرسەدانانی جاران زۆر جیاواز بوو، کورد بۆ خۆی شێوازێکی تایبەتی داهێنان بوو لە دڵنەوایکردن و دانیشتن و سفرەبردنەروە و ..تاد. جا بۆ هەموو نۆڕم و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشمان، هەروا بووە. کوا، کێ دەزانێ، چۆن ئەم شیواز و نۆرمان، دەخرێنەوە بەرچاوی نەوی نوێ، لە کاتێکدا، ئەم بۆنانە باشترین دەرفەتن بۆ ئەم کارە.
چوار: پەروەردە و فێرکردن:
شێوازی خوێندنی سەردەمە دێڕێنەکانمان. جوانە نەوەی نوێ بزانێت باب و باپیرانمان چۆن دەیان خوێندن و پڕۆگرام و مامۆستا و دەرس و دەوریان چۆن بووە. وەک بەشێک لە میراتی نەتەوایەتیمان.
هەماهەنگییە کەلتوورییەکان:
زەحمەتە بۆ قوتابخانەیەکی بنەڕەتی، فلیمسازی بکات و بتوانێت بەرهەمێکی سینەمایی بەرز پێشکەش بکات، بەڵام ئاساییە هەماهەنگی هەبێ لەگەڵ لایەنە پەیوەستەکان بە سینەما لە فلیم ل و کەرەستەی سینەمایی و کۆلێژ و پەیمانگە پسۆرەکاندا.
دەکرێ کاری هاوبەش لەگەڵ کەلتوورخانەکاندا بکرێن، چ ئەوانەی تایبەتن، چ ئەوانەی حکوومین. چونکە ئەمە دەرفەتی باشە ڕەخسراوە زۆرترین تەماشاچی و سەردانیکەر لەم بۆنەدا ئامادە بن.
پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان: بە ئەرشیفکردنی ئەم بۆنانە پێویستە، لە لایەک لە ڕێی سۆشیال میدیاوە، لە سەر ئاستی جیهان دەبینرێت، کوردێک لە کەندا، حەزدەکا بزانێت، لە زاخۆ چ چالاکییەک کراوە، بۆ نموونە. هەم ئەم بابەتانە دەبنە سەرچاوە بۆ لێکۆلینە و توێژینە و کتێب ئامادەکردن لە ئایندەدا و دەبنە بەشیک لە مێژووی ئیمڕۆ.
پێنج: دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان:
بەداخەوە کەس ئامادە نییە دەستی کۆمەک و یارمەتی بۆ ئەم مەڵبەندانە درێژ بکات، کە هەوڵ دەدەن کەلتوورەکەمان زیندوو ڕاگرن، دەنا کەم نینن ئەم ڕێکخراو و دامەزراوە و سەندیکانەی کە دەتوانن، حزووری گەرمیان هەبێ. بۆ بەشداری ناکەن؟ بێئاگان، غروورن، یان ناتوانن؟! نازانم هۆکار چییە. دەنا
مۆزەخانە و گەلەریەکان / کتێبخانە و ئەرشیفخانەکان / ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان / تەنانەت مەڵبەندە ئایینیەکان و دیوەخانەکان و بازاڕ و کۆمپانیەکانیش، فەزای باشیان بۆ هەڵدەکەوێ، بۆ دەوڵەمەندیکردنی ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە.
هیوادارم، شتێکم بۆ نووسی بن، سوودی هەبێ.
