لە میانەی شەڕ و پێكدادانی سەخت لە نێوان چەكدارانی سەر بە حكومەتی سوریا و دورزییەكاندا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا 73 كەس كوژراون.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئاشكرایكردووە "لە لە شەڕ و پێكدادانە سەختەكانی دەشتایەكانی دیمەشق و سوەیدای سووریادا كە تا شەوی رابردووش لە سوەیدا بەردەوام بوون، ٧٣ كەس كوژراون كە زۆرینەیان چەكدارانی دورزین".
رێكخراوەكە دەشڵێت "لە پێكدادانەكانی نێوان هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی ڕاگوزەری دیمەشق و چەكدارانی دورزیدا، كە لە ڕۆژی سێ شەممە و چوارشەممەدا لە جەرمانا و سەحنایادا ڕوویداوە، ٣٠ ئەندامی هێزە ئەمنییەكان و ١٥ چەكداری دورزی و مەدەنییەك كوژراون."
ئاشكراشیكردووە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ چەكداری دیكەی دورزی لە سنووری سوەیدادا كوژراون.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ لە سوریا، شەوی رابردوو لە ناوچەكانی خۆرئاوای پارێزگای سوەیدی سەرلەنوێ شەڕ و پێكدادان لەنێوان چەكدارانی حكومەت و چەكدارانی دروزدا روویداوە.
زانیاری ئەوەش هەیە كە حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع لەدوای هێرشەكانی ئیسرائیلەوە فەرمانی كردووە بە كشانەوەی هێزەكانی لە سنوری پارێزگای سوەیدا.