شارپرێس:
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێم جەختدەکاتەوە لەسەر
یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رایدەگەیەنێت، دڵنیان هێزی پێشمەرگە قۆناغی زۆرباش
بەدەست دەهێنێت لە پرۆسەی چاکسازیدا.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لەگەڵ کۆڵۆنێڵ کووپەر، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێكی
سەربازی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، تێیدا پرۆسەی چاکسازیی و هاوکاریی و پشتیوانییەکانی وڵاتی
ئەڵمانیا لەگەڵ چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان گفتوگۆکران.
وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، ئەڵمانیا هەمیشە پشتیوانی لە
هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پیشمەرگە دەکات بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی و بەهێزبوونی
ژێرخانی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان".
کۆڵۆنێڵ کووپەر، پشتیوانیەکانی ئەڵمانیایی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە
دووپاتکردەوە هاوکات بەردەوامی پەیوەندییەکانیشی بە ئامانجی سەردانەکەی وەسف کرد.
وتیشی: لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە پەیوەندیداین
بە ئامانجی بەرەوپێشچوون و سەرخستنی پرۆژەی چاکسازیی، دڵنیاین هێزی پێشمەرگە قۆناغی
زۆرباش بەدەست دەهێنێت لە پرۆسەی چاکسازیدا.