ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی لەگەڵ حوسییەکان بەتوندی وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە

جیهان

09/05/2025‌ 1774 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند، وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ هێرشەکانی حوسییەکان دژی ئیسرائیل بەندە بە زیانگەیاندن بە هەر هاوڵاتییەکی ئەمریکی، ئەمەش دوای ئەو ڕاوێژانەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامیاندا.

بەگوێرەی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، هاکابی لە بەشێک لە چاوپێکەوتنێکدا کە دواتر پەخش دەکرێت،  ئاماژەی بەوەکردووە کە "ئەمریکا پێویستی بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی لە ئیسرائیل نییە بۆ ئەنجامدانی هەر ڕێککەوتنێک کە ڕێگریی لە حوسییەکان بکات کە کەشتییە ئەمریکییەکان بکەنە ئامانج".

ئەم لێدوانانە دوای ڕاگەیاندنی کتوپڕی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا دێت لەم هەفتەیەدا رایگەیاند لەگەڵ حوسییەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن گەیشتونەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش نیگەرانیی بەرپرسانی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و رایانگەیاند کە ئەوان پێشوەختە ئاگاداری ئەو جۆرە ڕێککەوتنە نەبوون.

هاکابی ڕوونیکردۆتەوە، "نزیکەی 700 هەزار ئەمریکی لە ئیسرائیل دەژین و ئەگەر حوسییەکان بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و هەر ئەمریکییەک بریندار بکەن، ئەوە نیگەرانییەکی ڕاستەوخۆی ئەمریکای بەدوادادێت".

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا واشنتۆن تەنها لە حاڵەتێکدا هەنگاو دەنێت کە هاوڵاتیانی ئەمریکی لەلایەن موشەکی حوسییەکانەوە زیانیان بەربکەویت باڵیۆزەکە وەڵامی دایەوە، "ئەوە پەیوەستە بەو شتەوە کە بە نیگەرانییەکی دەستبەجێ بۆ ئێمە دادەنرێت".