توركیا له‌باره‌ى په‌كه‌كه‌وه‌ په‌یامێك ئاراسته‌ى عێراق‌و سوریا ده‌كات

کوردستان

10/05/2025‌ 5248 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی تورکیا په‌یامێك ئاراسته‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئیدی شەڕی چەکداری سودی نەماوەو دەبێ بەڕێگەی سیاسی‌و دیموکراتی کاربکرێت"، ده‌شڵێت:"بەتەنها چەکدانان بەس نییە بۆ پەکەکە، بەڵکو دەبێت هەموو ڕێکخستنەکانی لەناو تورکیا نەمێنن".


هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "چاوەڕێین بەمنزیکانە پەکەکە چەک دابنێت‌و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بدات".

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، وەکو عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتویەتی، ئیدی شەڕی چەکداریی سودی نەماوەو دەبێ بەڕێگەی سیاسی‌و دیموکراتی کاربکرێت.

فیدان دەشڵێت:"پرسەکە تەنها چەکدانان نییە، بەڵکو دەبێت هەموو ڕێکخستنەکانی پەکەکە لەناو تورکیا نەمێنن‌و کاری سیاسیی بەشێوەیەکی شەفاف‌و ئاشکرا ئەنجامبدرێت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکردوە؛ "بونی هێزەکانی پەکەکە لەشنگال‌و سوریا، ئەوا کێشەی سوریاو عێراقەو دەبێ ئەوان ئەو کێشەیە چارەسه‌ر بکەن".

ئه‌وه‌شى وت:"ڕاستە بڕیاری چەکدانان‌و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، بڕیارێکی قورسە بۆ ڕێکخراوەکە، بەڵام ئەو هەڵوێستەی کە ڕێبەرەکەیان نیشانیداوە، ئەوا ئێمە چاوەڕێی وەڵامێکی ئەرێنین لەلایەن ڕێکخراوەکەوە پێمان بدرێت".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، ڕۆژانی 5 بۆ 7ی ئەم مانگە، بەبەشداریی نوێنەرانی هەموو بوارەکانی خەبات، کۆنگرەیان لەدوو ناوچەی جیاواز بەستوەو دیدگاو پێشنیازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری په‌كه‌كه‌یان خوێندوەتەوەو هەڵسەنگاندنیان بۆ کردوە.

لەیەکەم کاردانەوەدا دوای ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە لەبارەی کۆنگرە، پەروین بوڵدان ئەندامی وه‌فدى ئیمراڵی ڕایگەیاند، "دوای ئەم ڕاگەیاندنە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێوه‌".

به‌وته‌ى بوڵدان، "ئاواتمان ئەوەبوو سری سورەیا ئۆندەر ئەم ڕۆژە ببینێت، چونکە هەوڵ‌و کۆششێکی زۆری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کرد".