دواى خستنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌كانى له‌لایه‌ن پاكستانه‌وه‌ فه‌ره‌نسا هاته‌ده‌نگ

جیهان

10/05/2025‌ 13382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی فەرەنسا بەتۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ی ڕاگەیاندوە، فڕۆکەی جەنگیی ڕافال، سەر بەهێزەکانی ئاسمانی هیندستان بەسیستەمی بەرگریی پاکستان کەوتوەتە خوارەوە، ئەو ڕوداوەش یەکەمجارە بەسەر فڕۆکەی جەنگی ڕافالی فەرەنسیدا بێت لەوەتەی لەساڵی 2001 بەکاردێت.


بەرپرسە هەواڵگرییەکەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەکردوه‌، لێکۆڵینەوە لەکەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە جەنگییەی فەرەنسا دەکەن کە سیستەمی بەرگریی پاکستان زیاتر لەفڕۆکەیەکیان خستوەتەخوارەوە.

لەگەڵ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی نیشان نەدا، بەڵام پاکستان ڕایگەیاند، پێنج فڕۆکەی جەنگیی هیندستانیان خستوەتە خوارەوە، لەوانەش سێ فڕۆکەی جەنگیی ڕافالی فەرەنسی، فڕۆکەیەکی مێگ 29و فڕۆکەیەکی سوخۆ 30ی ڕوسی خستوەتە خوارەوە.

لەبارەی بەڵگەش لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکان، خواجە ئاسف وەزیری بەرگریی پاکستان بەڕۆژنامەنوسانی وت:"بۆ دەستکەوتنی بەڵگە لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکان، بڕۆن سەیری سۆشیالمیدیا بکەن‌و دیمەنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکان ببینن".

کۆمپانیای داسۆ ئەفیاسیۆنی فەرەنسی کە فڕۆکەی جەنگیی ڕافال دروستدەکات، ئامادەنەبوو وەڵامی هیچ پرسیارێکی تۆڕی هەواڵیی (سی ئێن ئێن) بداتەوە لەبارەی کەوتنە خوارەوەی سێ فڕۆکەی ڕافال لەپاکستان، بەڵام سەرچاوەیەک لەلایەنی هیندستان بەمیدیاکانی فەرەنسای ڕاگەیاندوە، هێزەکانی ئاسمانیان زیانیان بەرکەوتوە، بێئەوەی ناوی ئەو جۆرە فڕۆکانە بێنێت کە لەپاکستان خراونەتە خوارەوە.