شارپرێس:
بەگوێرەی ئاژانسێکی ئەمریکا، سەرۆک کۆماری سوریا، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لەم هەفەتەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوی بەسەرۆکی ئەمریکا بکەوێت، هاوکات شەرع داوادەکات تاوەری ترەمپ لەدیمەشق دروستبکرێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا، هەوڵدەدات لەگەشتەکەی ترەمپ، بۆ سعودیە، قەتەرو ئیمارات لەم هەفتەیەدا چاوی بەسەرۆکی ئەمریکا بکەوێتو پێشنیازی دروستکردنی تاوەری ترەمپ لەدیمەشقو ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلو هەناردەکردنی نەوتو گازی سوریا پێشکەشبکات.
ڕۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبابەتەکە ئاماژەی بهوهداوە، پێشنیازەکە لەلایەن جۆناسان باسەوە، چالاکوانێکی ئەمریکیو لایەنگری ترەمپ لە 30ی نیسانی ئەمساڵ لەکاتی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع پێشکەشی سەرۆکی سوریا کراوە.
هاوکات باسی لەوەشکردوە، جۆناسان باس لەگەڵ چەندین هاوپەیمانێکی عەرەبی کەنداو لەپشت پەردەوە کار لەسەر ڕێکخستنی ئەو کۆبونەوەیە دەکەن.
لەوبارەیەوە جۆناسان باس بەڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، سەرۆک کۆماری سوریا بۆ داهاتوی وڵاتەکەی دەیەوێت ڕێککەوتنی بازرگانی بکات.
جەختیشیکردەوە، ئەحمەد شەرع دەیەوێت ئابوری وڵاتەکەی چاکبکاتەوەو ناوچەکە سەقامگیر بکات.
بەوتەی جۆناسان باس، کە ئەحمەد شەرع پێیڕاگەیاندوە، دەیەوێت تاوەری ترەمپ لەدیمەشق دروستبکرێت، ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت.
دوێنێ دوشەممە 12ی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع ئامادەیە ناوچەیەکی داماڵراو لەچەک بونیاد بنێت، هاوکات ڕێگە بەئیسرائیل بدات بونی سەربازیی هەبێت لەباشوری ڕۆژئاوای سوریا.
ڕۆژنامەی تایمز ئاشکرایکردبوو، بڕیارە ئەحمەد شەرع لەو دیدارەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا بکات بەرامبەر سازشکردنی سوریا لەسەر چەند پرسێک.
هەینی ڕابردوو کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وتبوی، "دۆناڵد ترەمپ چاوی لەگەڕانەوە مێژوییەکەیەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەفتەی داهاتوو سەردانی سعودیە، قەتەرو ئیمارات دەکاتو لەوێ سەرنجی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان دەبێت".
