جێگرى ئه‌ردۆغان له‌باره‌ى پرۆسه‌ى ئاشتیه‌وه‌ هۆشداریده‌دات

کوردستان

14/05/2025‌ 15493 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە، ئاماژە بەوەدەدات، زۆر کەس هەن دەیانەوێت پرۆسەکە پەکبخەن، ده‌شڵێت:"ئێستا گەیشتوینەتە قۆناغێکی نوێ".


جەودەت یەڵماز جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دوای بڕیاری چەکدانان‌و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گەیشتونەتە قۆناغێکی نوێ".

بەوتەی جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا، "پرۆسەکە هێشتا تەواو نەبوەو گرنگترین بابەت لەم قۆناغە نوێیەدا ئەوەیە کە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندوەتەوە، ئەوان چەک دادەنێن، بەڵام ئەمە دەبێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ وەک دەسەڵات بەوردی چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەین، هیوادارین ئەم پرۆسەیە بەخێرایی جێبەجێبکرێت، چونکە زۆر هەستیارە".

یەڵماز ئاماژەی بەوەشکرد، لەناوەوەو لەدەرەوە زۆر کەس هەن دەیانەوێت پرۆسەکە پەکبخەن، ئەوانەی دەیانەوێت کێشەکانی تورکیا بەردەوامبێت، دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتییان پێناخۆشە.

ڕۆژى 12ى ئه‌م مانگه‌، پەکەکە لەڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12مین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لەنێوان 5 بۆ 7ی ئەم مانگە، لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەڕێوەچوو.

پەکەکە لەڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەکردوە، "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی‌و وێرانکاریی لەدژی گەلەکەمان نەهێشتوە، پرسی کورد لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندوەتە خاڵی چارەسەرکردن‌و لەمڕوەوە پەکەکە ئەرکی مێژویی خۆی تەواوکردوە، لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12مین بەمەبەستی جێبەجێکردن‌و  بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لەژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکەو کۆتاییهێنان بەشێوازی خەباتی چەکداریدا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن.