زێلێنسکی گەیشتە ئەنكەرە

جیهان

15/05/2025‌ 3395 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی تورکیاو لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا تورکەکەی کۆبوەوە، لە کاتێکدا دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ڕوسیا لەئەستەنبوڵ دەستیپێدەکات.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆکەکەی زێلێنسکی لەفڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغای ئەنكەرە نیشتوەتەوە.

زێلێنسکی لە فڕۆکەخانە لەلایەن ئەندری سێپا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا پێشوازی لێکرا کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نافەرمی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لەئەنتاڵیا بوو لەباشوری تورکیا. بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی دیکە گەشتیان کرد بۆ ئەنكەرە.

سەردانەکەی زێلێنسکی لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ لەئەستەنبوڵ دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا دەستیپێکردەوە.

ڕۆژی 11ی ئایار، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا پێشنیازی دەستپێکردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئۆکرانیا بەبێ مەرجی پێشوەختە لە 15ی ئایار لەئەستەنبوڵ کردو داوای لەڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کرد، میوانداريی خولی نوێ بکات.

لای خۆیەوە ئەردۆغان ئامادەیی تورکیای دووپاتکردەوە بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بەئاشتییەکی دادپەروەرو بەردەوام، هاوکات حکومەتی ئۆکرانیایش پێشوازی لەو هەنگاوە کرد. ئێستا سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو کۆبوونەوانە بوە کە ئەستەنبوڵ میوانداريی دەکات.

لە 24ی شوباتی 2022وە، ڕوسیا هێرشێکی سەربازیی بۆ سەر ئۆکرانیای دراوسێی خۆی دەستپێکردوەو داوایکردوە کیێڤ واز لەئەندامێتی خۆی لەهاوپەیمانییەسەربازییەکانی ڕۆژئاوا بهێنێت وەک مەرجێک بۆ کۆتاییهێنان بەهێرشەکە. کیێڤ ئەمە بە"دەستوەردان" لەکاروباری ناوخۆیدا دەزانێت.