محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند، پەیوەندی بە هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردنی فراوانەوە کردووە بەناوی "هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"، کە جگە لە ڕەوتەکەی خۆی، چەندین بلۆکی سیاسی دیکەی لەخۆگرتووە.
نوسینگەی سودانی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "کۆمەڵێک لە هێز و بزووتنەوە نیشتمانییەکانی عێراق بە شانازییەوە پێکهێنانی (هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان) بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بە هەموو گەلی عێراقیمان ڕادەگەیەنین ".
ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم هاوپەیمانییە ڕۆڵەکانی ئێوە لەم هێزە سیاسی و نیشتمانییانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت: ڕەوتی فورات، هاوپەیمانی گرێبەستی نیشتمانی، هاوپەیمانی نیشتمانی، هاوپەیمانی داهێنەری کەربەلا، گردبوونەوەی سۆمەری، گردبوونەوەی نەوەکان، هاوپەیمانی چارەسەری نیشتمانی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکانمان لە پێش هەموو شتێکەوە داناوە، ئامانجمان بەردەوامبوونی ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی ئابووری نیشتمانی و تەواوکردنی ژێرخان و پڕۆژە ستراتیژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پەیوەندییەکانی بەدەستھێنراو لەگەڵ ژینگەی ھەرێمی و عەرەبی و نێودەوڵەتییە".
