ترەمپ: لەگەڵ پوتین هاوڕاین ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

جیهان

04/06/2025‌ 419 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وردەکارییەکانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا ئاشکرا کرد، کە کاتژمێرێک و 15 خولەکی خایاند و هەروەها باسیان لە پەرەسەندنی سەربازیی ئۆکرانیا و پرسی ئەتۆمی ئێران کرد.

 ترەمپ لە پۆستێکیدا ڕایگەیاندووە، گفتوگۆکە لەگەڵ پوتین باشە، بەڵام ئەو جۆرە نییە کە ببێتە هۆی ئاشتییەکی خێرا.

 ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ڕوسیا  نیازی خۆی دەربڕیوە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئۆکرانیا کە فڕۆکە سەربازییەکانی ڕوسیای کردە ئامانج.

ترەمپ دەشڵێت: پرسی ئێرانی لەگەڵ پوتین تاوتوێ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە کات تەواو دەبێت بۆ ئەوەی تاران بڕیاری کۆتایی بدات.

 ڕوونیشی کردەوە کە بە ڕوونی بە پوتینی وتووە "ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات"، ئەوەشی پشتڕاست کردەوە پوتین لەسەر ئەم خاڵە لەگەڵیدا هاوڕایە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە پوتین ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە دانوستان لەگەڵ ئێران و ڕەنگە ڕۆڵی هەبێت لە خێراکردنی چارەسەر. 

هەروەها ترەمپ نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هێواشی ئێران لە بڕیاردانی چارەنووسساز لەسەر ئەم پرسە.

 لە کۆتاییدا وتی: "زۆر بە زوویی وەڵامی کۆتایی لەلایەن ئێرانەوە پێویستە"، ئەوەش بە ئاماژەدان بە زیادبوونی فشارە دیپلۆماسییەکان.
ئ.ه