ناوەرۆکی پەیامی ئۆجالان بۆ کۆنگرەی پەکەکە بڵاوکرایەوە

کوردستان

04/06/2025‌ 702 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ڕۆژنامەی سەرخۆبوون بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی دوازدەهەمینی مێژوویی پەکەکەی بڵاوکردەوە لەنێویاندا پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان.

 ئۆجالاج بە "دیدگایەکی ٢٠ پەڕەیی و نامەیەکی چوارخاڵیییەوە بەشداری کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە بوو. دەڵێت: "خودی ئەم کۆبوونەوەیان ڕەنگە نیوەی پرۆسەی چارەسەریی بێت. لە ئێستا و دواتریشدا پێویستی بە هەوڵدانی جەوهەری و سەنگین هەیە. هیوا و باوەڕم بۆ سەرکەوتن مەزنە." 

ئۆجالان باس لە سەردەمی نوێی تێکۆشان دەکات و دەڵێت "بابەتی کۆتایهێنان بەو کار و خەباتانەی لەژێر ناوی پەکەکە دەکرێن، بابەتێکی نوێ نییە بەلامانەوە، پرسەکە بە تەنها کۆتایهێنان بە کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکەدا دەکرێن نییە، بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانیەوە ڕەنگە پێویست بکات چەندین مانگ گفتوگۆکردن هەبێت".

 ئاماژەی بەوەشکردووە "بە تەنها باسی هەیکەلێک ناکەین. باسی گۆڕینی بیرکردنەوە و بنەڕەتی کەسێتی دەکەین. باشترین درووستبوونەوە بەم شێوەیە دەبێت. بۆئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی بونیادنەرانە بەڕێوەبچێت و بگات بە ئامانجی خۆی، نابێت مرۆڤ پەلە بکات."

ئۆجالان ڕونیشیکردەوە، گەر ئامانجەکانی سەردەمی نوێ بگەیەنین بە سەرکەوتن ئەوا نەک تەنها بۆ کورد و کوردستان، هاوکات بۆ کۆی هەرێمەکە سەرکەوتنێکی گرنگ دێنێتە ئاراوە. سەرکەوتن لەمەدا کاریگەری لەسەر سووریا، ئێران و عێراقیش دادەنێت. کۆماری تورکیا چانسی ئەوەی دەبێت خۆی هەم نوێ بکاتەوە و بە دیموکراسی تاجدار ببێت و هەمیش لە هەرێمەکەدا پێشەنگایەتی بکات.
ئ.ه