پەژاك ئامادەكاری بۆ خۆبەڕێوەبەری جەماوەری لەرۆژهەڵاتی كوردستان رادەگەیەنێت

کوردستان

14/06/2025‌ 1630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ بۆ دووهەم رۆژ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە و لەوچوارچێوەیەدا فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بە چڕی بنكە سەربازی و ئەمنییەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆردوومان دەكەن.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بەدرێژایی سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەكانی پیرانشار، سەردەشت، بانە، مەریوان، جوانڕۆ، قەسری شیرین بۆردومانی بنكەكانی بنكەكانی ئێرانیان كردووە.

هەروەها بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە فڕۆكەكانی ئیسرائیل بنكەیەكی ئێرانیان لەناو شاری مەهاباد بۆردومان كردووە، لە پارێزگاكانی كرماشان و ئیلام و لوڕستانیش بەچڕی تائامادەكردنی ئەم هەواڵە هێرشەكانی ئیسرائیل بەردەوامە و چەندین ناوەند و بنكەی سەربازی و ئەمنی و چاودێری ئێران بۆردومان كراون.

بەوتەی چاودێرانی دۆخی رۆژهەڵاتی كوردستان ئیسرائیل لە هێرشەكانیدا بەچڕی چاوی لەسەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ئەوەش بوونی ئەگەری پلانێكی شاراوە لە ناوچەكە دەهێنێتە ئاراوە.

هاوكات نیوەڕۆی ئەمڕۆ وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند نزیكەی 70 فڕۆكەی شەڕكەری ئیسرائیل لە رۆژئاوای ئێران تا تاران لە چالاكیدان.

ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاكيش لە ڕاگەیاندراوێكدا لەبارەی رەوشی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە  داوای لێكنزیكبوونەوە و هاوكاریی هەموو هێزە ئازادیخوازەكان و دیموكراسیەكان، تێكۆشەرانی گەلان و ژنان و هەموو شوناسەكان دەكات.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "لە دوێنێوە ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئیسرائیل هێرشی قورسی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمی، سەربازی و فەرماندەییەكانی ئێران دەستپێكردووە، بەتایبەتی بۆ سەر ناوەند و كەسایەتییەكانی سەر بە سوپای پاسداران. هێرشە پێچەوانەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئاستێكدا نییە بتوانێت ڕۆڵی بەربەست لە  بەرامبەر گورزە كوشندەكانی ئیسرائیلدا بێت".

پەژاك ئاماژە بەوە دەكات "ئەم شەڕە كۆتا گورزی سیستەمی دەسەڵاتی جیهانییە دژی دەسەڵاتی ئێران و بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی بەتەواوی مەترسی و كاریگەرییە ئەگەرییەكانی ڕژێمەكە كۆتایی پێدێت. بێ گومان ئەمە پرۆسەیەكی كورتخایەن نییە و بەشێكی سەرەكییە لە جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، كە دەرئەنجامی سیاسەتەكانی سێدارە، سەركوتكردن، هەڵاواردن، گەندەڵی و ڕووتاندنەوە، بێهیوایی و ڕق و كینەی كۆمەڵگە و خەڵكی ئێرانە بۆ ئەو سیستمە كە ئەوانی ناچار بە دژایەتیكردنێكی تەواو ڕادیكاڵ و ڕەتكردنەوەی ڕژێمەكە كردووە".

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە "پارتی ژیانی ئازادی كوردستان وێڕای دژایەتی سەپاندنی شەڕ بەسەر گەلی ئێراندا، جەخت لەسەر خەباتی دیموكراتیكی ئەو گەلانە دەكاتەوە. ئەوەی ئازادی دەخاتە ئاسۆی داهاتووی گەلی ئێرانەوە، خەباتی دیموكراتیك و شۆڕشی ناوازەی ژن، ژیان، ئازادییە. بێگومان بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی دیموكراسیی گەلەكەمان یەكگرتن و هاوكاری سەرجەم تاكە ئازادیخوازەكان، هێزە دیموكراتییەكان، تێكۆشەرانی گەلان و ژنان و ناسنامەكان پێویستە.  زۆر گرنگە هاوكاری حزبە كوردییەكان و گواستنەوە لەچەمكی حوكمڕانی حیزبییەوە بۆ بەڕێوەبردنی جەماوەری كوردستان، بەئەركێكی مێژوویی دەزانین لەم قۆناغە هەستیار و یەكلاكەرەوەیەدا، ئێمە داوای هاوكاری هەموو هێز و پارت و ڕێكخراوە مەدەنییەكان دەكەین بە سەركردایەتی ژنانی ئێران بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و لەم ڕووەشەوە ئامادەیی خۆمان بۆ ئەم دەستپێكردنە ڕادەگەیەنین".

دەشڵێت "ڕایدەگەیەنین كە بەرگریكردن لە گەلەكەمان و گەلانی دیكەی ئێران لە بەرامبەر هەر جۆرە سەركوتكردن و هەڕەشەی كۆمەڵكوژی بە ئەركی خۆمان دەزانێن و لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوادا بەرگری لە ماف و بوونی خۆمان دەكەین. داوا لە سەرجەم گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی كوردستان دەكەین كە خۆیان لە شێوەی ڕێكخراوی جەماوەری دیموكراتیكیدا ڕێكبخەن و كاریگەرییە وێرانكەرەكانی جەنگ لەسەر یەكتر كەم بكەنەوە و هاوپشتی تەواویان هەبێت. پێكهێنانی گروپی پشتیوانی بۆ قوربانیانی جەنگ، كۆمیتەی خۆجێی بۆ یارمەتیدانی زیانلێكەوتووان، كۆمیتەی هاوكاری دارایی و هەروەها بە دامەزراندنی ئیدارەی خۆجێی و دوورخستنەوەی بەكرێگیراوانی دەوڵەت لە كاریگەری لەسەر خەڵك دەتوانێت هەنگاوێكی گرنگ بێت بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی خۆبەڕێوەبردن و دیموكراسی".

راشیگەیاندووە "لەم ڕووەشەوە داوا لە سەرجەم وڵاتپارێزان، ئازادیخوازان و ئەندامانی پارتەكەمان دەكەین هاوكاری بكەن."
ئ.ه