شارپرێس:
ژمارەی گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە تورکانەی بەهۆی گازی میسانهوه ژەهراویبون لەناوچەی (پەنجە کلیت) لەسنوری نێوان تورکیاو هەرێمی کوردستان، بۆ ههشت سەرباز بەرزبوەوە، هەشت سەربازی دیکەش لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.
ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا لەهەرێمی کوردستان سێ سەربازی دیکەیان بەکاریگەریی گازی میسان گیانیان لەدەستداوه.
دوێنێش سوپای تورکیا کوژرانی پێنج سەربازی ڕاگەیاندو بەوەش ژمارەی کوژراوەکانیان بۆ هەشت سەرباز بەرزبوەوە.
سوپای تورکیا وەک ئاماژەدان بەوەی ژمارەیەک سەربازی دیکەشیان بەر گازە ژەهراوییەکە کەوتوە ڕایگەیاند، “هیوای زوو چاکبونەوە بۆ ئەوکەسانەش دەخوازین کە زیانیان بەرکەوتوە”.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرایدەکات، سوپای تورکیا لەکاتی هێرشکردنەسەر تونێلەکانی گەریلا، گازی ژەهراوی بەکاردەهێنێتو پێشتریش پەکەکە لەچەند ڕاگەیەنراوێکیدا ئاشکراکردبوو، سوپای تورکیا بەگازی کیمیاوییو قەدەغەکراو هێرشدەکاتەسەر تونێلەکان.
ئەم ڕوداوە لەکاتێکدایە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە لەچەند ڕۆژی داهاتوو دەکرێت، کارەکانی پڕۆسەکەش پێی ناوەتە قۆناغێکی گرنگەوە.
شرۆڤەکارانو سیاسەتمەدارنی تورکیا دەڵێن، ئەم ڕوداوە بەمەبەستی تێکدانی پڕۆسەکەیەو نابێت ڕێگەبدەن کاریگەرییو بەربەست لەبەردەمی دروستبکرێت.
