بەغداو هەرێم ڕێکنەکەوتن و پارتی دەکشێتەوە

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5764 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ئەمڕۆ دووشەممە دانوستانەکانی نێوان شاندی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە مووچە و هەناردەکردنی نەوت شکستی هێنا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاماژەکان بۆ کشانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە بەغدا.

ئاژانسی بەغداد ئەلیەوم بڵاویکردەوە، "شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتن بەهۆی ڕادەستنەکردنی بڕی تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراو، ئەمەش خاڵێکی ناکۆکیی بنچینەییە کە ڕێگر بوو لە تەواوکردنی لێکتێگەیشتنەکان".

شاندی هەرێم دەسەڵاتی بەرفراوانی نەبووە بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕەوتی گفتوگۆکە هەبووە و بووەتە هۆی وەستان.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە "کارنامەی کۆبوونەوەی کابینەی فیدراڵی کە بڕیارە سبەینێ بەڕێوەبچێت، هیچ ئاماژەیەک بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یان بەدواداچوون بۆ ئەنجامی سەردانەکەی شاندی هەرێمی تێدانییە، ئەوەش سەرکردە کوردەکانی تووڕە کردووە، بەتایبەتی لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان".

لە پێشهاتێکی نوێدا، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە "پێدەچێت سبەی سێشەممە پارتی دیموکرات بڕیارێک دەربکات بۆ کشانەوەی وەزیرەکانی لە حکومەتی فیدراڵی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بەردەوامی دواکەوتنی مووچە و نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ڕوون لەگەڵ بەغدا".
ئ.ه