ئه‌مڕۆ له‌به‌غدا چى ڕوو ده‌دات؟ ... زانیاریى نوێ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 28815 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شاندى هه‌رێم گه‌یشتوه‌ته‌ به‌غداو سه‌رۆكى ڕه‌وتى هه‌ڵوێست-یش زانیاریى نوێ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دەنگی بەرزی خەڵک، ڕۆڵی گەورەی هەبوو بۆ ڕادەستکردنی نەوت بەسۆمۆو چارەسەری موچە؛ هیوادارین تاکتیکی کاتیی نەبێ"، ده‌شڵێت:"كۆى نه‌وت ڕاده‌ستى سۆمۆ ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆى داواكاریه‌كى هه‌رێمه‌وه‌، عێراق نه‌وت‌و به‌نزین نادات به‌هه‌رێمى كوردستان".


عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئاشكرایكردوه‌، چه‌ند خاڵێك زۆر گرنگن له‌مڕۆدا ئه‌وانیش:

ـ کۆی نەوت ڕادەستی سۆمۆ دەکرێت.
ـ هەرێم بۆ پاڵاوتنی ناوخۆ داوای 66 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەکات‌و عێراقیش دەڵێت: پێداویستیتان 47 هەزارە، دەبێت ئەمڕۆ ڕێککەوتن بکرێ.
ـ بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک 16 دۆلار دەدرێتە کۆمپانیای بەرهەمهێنان.
ـ عێراق بەنزین‌و نەوتی سپی ناداتە هەرێم، بەرپرسانی هەرێم وتویانە خۆمانە دابینیدەکەین.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ زانیاریى ئه‌وه‌ ئاشكرابوه‌، وەفدەکەی هەرێم داوادەکەن کە ڕێککەوتنەکە چوە بواری جێبەجێکردنەوه‌، بەغدا موچەی هەردوو مانگی (5و 6) پێکەوە خەرجبکات.

بڕیاریشوایه‌ ئەمڕۆ هەرێم وەڵامی ڕەشنوسی داواکارییەکانی بەغدا بداتەوە کە سێ تەوەر لەخۆ دەگرێت ئه‌وانیش:

هەناردەی نەوتی هەرێم: لەقۆناغی یەکەم 300 هەزار بەرمیل نەوت هەژمارکراوە، هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆو دابینکردنی سوتەمەنی بۆ کۆمپانیای دانە غاز، پێویستی بە(115) هەزار بەرمیل نەوت هەیە، بەڵام بەغدا ئامادەیە تەنها (90) هەزار بەرمیل تەرخانبکات.

داهاتی ناوخۆ: لەپرسی داهاتی ناوخۆ هەفتەی ڕابردوو هەرێم نوسیبوی کە مانگانە چەند داهاتمان هەبوو، خەرجییەکانی لێ دەردەکەین‌و ئەوەی دیکەتان بۆ ڕەوانە دەکەین، بەڵام بەغدا داوای 150 ملیار دیناری کردوە، دواتر بەغدا بە 100 ملیار دینار ڕازیبوە، بەڵام هەرێم دەڵێت: دەتوانین 80 بۆ 90 ملیار دیناری مانگانە دابین بکەین.

تەوتینی موچە: لەبارەی پرسی تەوتینی موچەشەوە، هەرێم دەڵێت: وا نزیکدەبینەوە لەیەک ملیۆن بەشداربوو لەهەژماری من، ئەوەی ماوەتەوە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواودەکرێت‌و هەموو موچەخۆرێک بەبانکیی دەکرێت.

یەکێکی دیکە لەداواکارییەکانی هەرێم ئەوەیە لەئەگەری پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە، موچەی هەردوو مانگەکانی 5و 6 پێکەوە ڕەوانە بکرێت.

ئەم خاڵانەی کە باسکران، بەسەرپەرشتی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق‌و ئامادەبونی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم‌و وەزیری نەوتی عێراق کۆبونەوەیەکی لەبارەوە ئەنجامدەدەن‌و وەڵامەکەی هەرێم دەدەنە محەمەد شیاع سودانی، بۆ ئەوەی سبەینێ سێشەممە لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریی کۆتایی لەبارەوە بدرێت.