بارزانى په‌یامێكى توند دژى به‌غدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 17930 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم له‌په‌یامێكدا سه‌باره‌ت به‌موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێم ڕایگه‌یاند، شاندی حکومەتی هەرێم لەبەغدان بۆ ئەوەی لەنزیکترینکاتدا، کێشەی موچە چارەسەربکەن، ده‌شڵێت:"کێشەمان لەگەڵ به‌غدا سیاسییە نەک تەکنیکی، بەداخەوە لەبەغدا بەشێوەیەکی ناڕەواو نادادپەروەرانەو نادەستوریی، مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکرێت".


لەشارى هەولێرو له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ژمارەیەک کادیری ئۆرگانەکانی حزبه‌كه‌یدا، مەسرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران‌و جێگری سەرۆکی پارتی هێرشیكرده‌سه‌ر حكومه‌تى عێراق‌و ڕایگه‌یاند، "کێشەی ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەوەک تەکنیکی، چونکە بەداخەوە لەبەغدا، بەشێوەیەکی ناڕەواو نادادپەروەرانەو بەجیاکاریی‌و بەشێوەیەکی نادەستوریی، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت".

بارزانى وتویه‌تى، "عێراق وڵاتێکی فیدراڵییەو هەرێمی کوردستانیش قەوارەیەکی دەستوریی هەیەو دەبێ ڕێز لەدەسەڵات‌و مافە دەستورییەکانی هەرێم بگیرێت، هەرێم هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستوری خۆی نابێت".

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، شاندی حکومەتی هەرێم ئێستا لەبەغدان بۆ ئەوەی لەنزیکترینکاتدا، کێشەی موچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "هەرێمی کوردستان، نابێت بەهەڕەشەو مەترسی بۆ هیچ لایەک‌و هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیریی‌و ئارامیی دەبێت لەناوچەکەدا".