هۆشدارییەکی بەپەلەی نەوەی نوێ لەبارەی موچەوە

کوردستان

07/07/2025‌ 4887 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم لە هیچ کام لەو خاڵانەی بەغدا داوای دەکات، نەرمیان نەنواندوە تا موچەخۆران لەوە زیاتر بێ موچە نەبن، دەشڵێت، هێشتا نەچوە بچێت و دەتوانن هەر ئەمشەو لەگەل بەغداد رێکبکەون و موچەخۆرانیش لەم دۆخە رزگار بکەن.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" دوو بنەماڵەی حوکمران قومار بە ژیان و قوتی خەڵکەوە دەکەن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ".

نەوەی نوێ باسی لەوەشکرد،" لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە دوو مانگە مووچەخۆران بێ مووچەن و بەهۆی دزی و تاڵانییەکانی پارتی و یەکێتیەوەو ئیلتیزام نەکردنیان بەرێکەوتنەکانەوە لەگەڵ بەغداد٫ حکومەتی ئیتحادی مووچەی نەناردووە، کەچی هێشتا کابینەکەی مەسرور و قوباد نایانەوێت لەگەڵ بەغداد رێبکەون ".

نەوەی نوێ دەڵێت،" لای خەڵکی کوردستان ئاشکرایە کە ئەوەی بە لایانەوە گرنگ نەبێت موچە و گوزەرانی خەڵکە، هەربۆیە لە هیچ کام لەو خاڵانەی بەغداد داوای دەکات، ئەمان نەرمیان نەنواندوە تا مووچەخۆران لەوە زیاتر بێ مووچە نەبن ".

لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" ئەم حکومەتە ماوە بەسەرچووە  لە پێناو قووتی خەڵکدا نەوت تەسلیم ناکات، تەنانەت ئامادەنین بەشێکیشی تەسلیم بکەن ".

نەوەی نوێ دەشڵێت،" هەروەک رازی نین  کە ٤٢ هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆ هەڵبگرن و باقیەکەی بدەن بە بەغدادو ئامادەش نین بەشێک لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان رادەست بکەن، هاوکات رازیش نین بە تەوتینکردنی مووچە لەسەر بانکە فیدڕاڵیەکان ".

بەپێی وتەی نەوەی نوێ، ئەوەی پارتی و یەکێتی دەیکەن بانگەشەی هەلبژاردنە لەسەر حسابی قوتی خەڵک، دەیانەوێت وەک نمایش بۆ ماوەیەک بکشێنەوە لە حکومەتی بەغا لەم کاتی هەڵبژاردنەدا بۆ بانگەشە، بەڵام زەرەرمەندی یەکەم خەڵکە.

نەوەی نوێ ڕاشیدەگەیەنێت،" ئەگەر ئەم بەناو حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەی هەرێمە دۆخی خەڵک و گوزەرانیان بەلاوە گرنگ بیت ئەوا هێشتا نەچوە بچێت و دەتوانن هەر ئەمشەو لەگەل بەغداد رێک بکەون و خەلک و موچەخۆرانیش لەم دۆخە رزگار بکەن ".

محەمەد سەردار