شارپرێس:
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردوهتەوە، نامەکەی ئەمدواییەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق گوزارشت لەهەنگاوێکی ئەرێنیی دەکات بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی بازرگانییو وەبەرهێنان لەنێوان عێراقو ئەمریکا، هەروەک داوایکردوە، وەک دەرفەتێکی ستراتیژیی سەیربکرێت نەک وەک هەڕەشەیەک.
ساڵح لەلێدوانیکی ڕۆژنامەوانیدا بەپێگەی "فورات نیوز"ی ڕاگەیاندوە، ناوەڕۆکی نامەکەی ترەمپ لەگەڵ ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی ساڵی 2008 یەکدەگرێتەوەو ئامانج لێی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی ئابوریی نێوان هەردوو وڵاتە.
سەبارەت بەوەی لەپەیامەکەدا ئاماژەی پێکراوە سەبارەت بەسەپاندنی باجی گومرگیی بەڕێژەی 30%، ساڵح ئەم ڕێکارەی بە"نالۆژیکیی" وەسفکردو ئاماژەی بەوەدا، هەناردەی عێراق بۆ ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرەکیی بریتییە لەنەوتی خاو، کە پێشوەختە لەگومرگ بەخشراوە.
دەشڵێت:"هیچ هەناردەیەکی تری عێراقی بۆ بازاڕی ئەمریکا نییە کە پاساو بۆ ئەمجۆرە ڕێکارە بهێنێتەوە".
لەلایەکی دیکەوە ساڵح وتویەتی، "عێراق ساڵانە بەبەهای یەک ملیارو 500 ملیۆن دۆلار کەلوپەلو خزمەتگوزاریی ئەمریکی گرنگی ستراتیژی هاوردە دەکات، وەک ئامێری ئەندازیارییو تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو کە پاڵپشتی کەرتی بەرهەمهێنانو خزمەتگوزاری وڵاتەکەی دەکەن".
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت نامەکەی بەڕێگە خۆشکردن بۆ فراوانکردنی هاوکارییە بازرگانییەکانو هاندانی هاوردەکردنی کاڵای کوالیتیی بەرز هەژمارکرد کە خزمەت بەئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامیی عێراق دەکات، کە هاوکارە بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوریی نیشتمانییو کەمکردنەوەی پشتبەستن بەنەوت.
ساڵح جەختی لەوەکردوهتەوە، "نابێت نامەی سەرۆکی ئەمریکا لەسنورێکی تەسکدا لێکبدرێتەوە، بەپێچەوانەوە، دەرفەتێکی ستراتیژیی دەخاتەڕوو بۆ بونیادنانی هاوبەشییەکی ئابوریی فراوانتر لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشو ڕێزگرتنی یەکترو زیادکردنی داهاتی گەشەپێدان بۆ هەردولایەن".
