شارپرێس:
چین دەستیکردوە بەدروستکردنی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی نەوەی نوێ کە پێشبینیدەکرێت لەڕوی توانای نمایشکردنی هێزەوە لە فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "یو ئێس ئێس فۆرد" پێشکەوتوتربێت.
بەگوێرەی پێگەی هەواڵیی "دیفێنس نیوز" ئەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگرە نوێیە کە بە"تایپ 004" ناسراوە، یەکەم فڕۆکەهەڵگری چینی دەبێت کە بەوزەی ئەتۆمی کاردەکاتو ڕەنگە قورسترین کەشتی جەنگیی بێت لەمێژودا.
چاوەڕواندەکرێت "تایپ 004" پشت بەسیستەمێکی پاڵنەری ئەتۆمی دەریایی ببەستێت کە لەچوارچێوەی پرۆژەی "لۆنگ وای" لەپەیمانگهی وزەی ئەتۆمی چین پەرەی پێدراوە، ئەمەش مەودایەکی ئۆپەراسیۆنی کرداریی بێسنوری پێدەبەخشێت کە تەنها پێداویستییە مرۆییەکانو چاککردنەوە سنورداری پێویستە لەکاتێکدا فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "فۆرد" پێویستی بەدوبارە پڕکردنەوەی سوتەمەنی هەیە دوای نزیکەی 25 ساڵ خزمەت.
چەندین ڕاپۆرت ئاماژە بەوەدەکەن، کارکردن لەسەر ئەم فڕۆکەهەڵگرە زەبەلاحە بەخێراییەکی پێشکەوتوو بەڕێوەدەچێت، کە لەوانەیە گەورەترین بێت لەسەر ئاستی جیهان، لەکاتێکدا "فۆرد" دەتوانێت تا 90 فڕۆکە لەخۆبگرێت، بهگوێرهى خەمڵاندنەکان "تایپ 004" توانای هەڵگرتنی لانیکەم 100 فڕۆکەی جەنگیی دەبێت.
زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بەوەدەکەن، فڕۆکەهەڵگری "تایپ 004" توانای هەڵگرتنی نێوان 70 بۆ 100 فڕۆکەی دەبێت، لەوانە فڕۆکەی جەنگی بەسەرنشین، فڕۆکەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەو کۆنترۆڵکردن، هەلیکۆپتەری دژە ژێردەریاییو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
چاوەڕواندەکرێت ئەو فڕۆکە جەنگیانەی کە بۆ کارکردن لەسەری تەرخانکراون، وەشانی دەستکاریکراوی J-15 لەخۆبگرن کە بەJ-15T ناسراوەو بۆ فڕین بەبەکارهێنانی مەنجەنیق ئامادەکراوە، لەگەڵ فڕۆکەیەکی جەنگی شەبەحی لەجۆری J-35 کە لەقۆناغی پەرەپێداندایە.
