ئیسرائیل ئۆردوگایه‌ك بۆ غه‌ززه‌ییه‌كان دروستده‌كات

جیهان

10/07/2025‌ 3340 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیسرائیل بەنیازە ئۆردوگایەکی گەورە لەشوێنی کەلاوەکانی شاری ڕەفەح، لەغەززە دروستبکات‌و 600 هەزار کەس لەدانیشتوانی فەڵەستینی تێدا نیشتەجێ بکات.


یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ئۆردوگایەکی گەورە بۆ نیشتەجێکردنی بەشێک لەدانیشتوانی غەززە دروستدەکەین، ئۆردوگاکە وەک شارێکی مرۆڤدۆستانە دەبێت‌و هەرکەسێک لەوێ نیشتەجێبکرێت، بۆی نییە جارێکی دیکە لێی دەربچێت!".

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، فەرمانیداوە ئەم ئۆردوگایە لەماوەی 60 ڕۆژدا، لەباشوری کەرتی غەززە دروستبکرێت، مەبەست لەدروستکردنیشی، لاوازکردنی تواناو دەسەڵاتی حەماسە بەسەر دانیشتوانی غەززەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی (DW)ی ئەڵمانی، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، وتویەتی، "ئەم ئۆردوگایە لەجێی کەلاوەکانی شاری ڕەفەح، دروستدەکرێت بۆ نیشتەجێکردنی ئەو فەڵەستینیانەی ئێستا لەخێوەتەکانی ناوچەی 'ئەلمواسی' دەژین، ئۆردوگاکە لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، سوپای ئیسرائیل تەنها ئەرکی پاراستنی ئۆردوگاکە لەئەستۆ دەگرێت‌و بەشداریی لەبەڕێوەبردنیدا ناکات".

مایکل سفارد کە پارێزەرێکی ئیسرائیلی مافی مرۆڤە، لەگفتۆگۆیەکەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'زە گاردیان' ئاشكرایكردوه‌، دروستکردنی ئۆردوگایەکی لەو شێوەیە، تاوانێکی دژە مرۆڤایەتییە.