شارپرێس:
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرایكردوه، بۆ ڕێوڕەسمی له‌ناوبردنى چه‌كه‌كانى ژماره‌یه‌ك گه‌ریلاى په‌كه‌كه، حزبە سیاسییەکانی هەرێم‌و دەم پارتی له‌باكورى كوردستان به‌شدارده‌بن، ئه‌وه‌ش زانراوه به‌گشتى نزیكه‌ى 200 كه‌س له‌چالاكوان‌و كه‌سایه‌تى سیاسى به‌شداریى مه‌راسیمه‌كه ده‌بن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك كه خۆى به‌شداریى مه‌راسیمه‌كه ده‌بێت‌و بانگهێشتنامه‌ى به‌شداریكردنى بۆ ڕه‌وانه‌كراوه به‌شارپرێسى وت:"سبەینێ هەینی، گروپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەکو نیازپاکی، له‌مه‌راسیمێكدا چه‌كه‌كانیان له‌ناوده‌به‌ن‌و دواتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ى لێوه‌ى هاتون".
سه‌رچاوه‌كه وتى، "هیچ بڕیارێك نییه گه‌ریلا چه‌كه‌كانى ڕاده‌ستى هیچ هێزێك بكات، به‌ڵكو به‌شێك له‌چه‌كه‌كان ده‌شكێندرێن‌و به‌شێكیشى ده‌سوتێندرێن".
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس، زۆربه‌ى لایەنە سیاسییەکانی هەرێم‌و بەشێک لەڕێکخراوەکان‌و کەسایەتییه سیاسیی‌و ڕۆشنبیرانیش بانگهێشتی ڕێوڕەسمەکە کراون.
به‌فه‌رمیش له‌لایه‌ن کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)وە هه‌ریه‌ك له‌پارتی‌و یەکێتیی بۆ ڕێوڕەسمەکەی سبەینێ بەفەرمی بانگهێشتکراون.
نوێنەرایه‌تى دەم پارتی لەهەرێم ئاشكرایكردوه، شاندێکی سیاسەتمه‌داران‌و ڕۆشنبیران‌و ڕێکخراوەکان‌و حزب‌و ڕۆژنامەوانان لەتوركیاو باکوری کوردستانه‌وه گه‌یشتونه‌ته هه‌رێمى كوردستانیش له‌مه‌راسیمه‌كه‌ی سبه‌ینێدا ئامادە ده‌بن.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌و سه‌باره‌ت به‌به‌شداریى حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان (ئاكپارتى)و حزبه‌كه‌ى ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى (مه‌هه‌په) نوێنه‌رایه‌تى ده‌م پارتى له‌هه‌ولێر ڕایگه‌یاندوه، تائێستا هیچ زانیارییه‌ك به‌ئه‌وان نه‌دراوه‌و ناشزانرێت به‌شدارده‌بن یان نا.
هاوكات ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕاگەیه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "دەبێت ڕۆژنامەنوسان ڕۆژى هەینی له‌کاتژمێر 8 بۆ 9ى بەیانی لەهۆتێل ئاشور لەقەزای دوکان ئامادەبن، له‌وێ پاس بۆ گواستنەوەی سه‌رجه‌میان بۆ شوێنێکی نزیک لەڕێوڕەسمەکە دابینکراوە".
شارپرێس ئه‌وه‌ى زانیوه، ڕێوڕەسمی له‌ناوبردنى چه‌كه‌كانى ده‌ستى گه‌ریلا، لەگوندێکی بناری قەندیل دەبێت لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لەپارێزگای سلێمانی.
