چه‌ند زانیارییه‌كى نوێ له‌باره‌ى ڕێكه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

13/07/2025‌ 8456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەو لیژنە حکومیەی کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێکهێنراوه‌، ئەرکی تاووتوێکردنی ناکۆکی نێوان بەغداو هەولێری پێسپێردراوە، ئەمڕۆ ڕاپۆرتەکەی تەواو دەکات.


ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە، ئەمڕۆ لیژنە وزارییەكە ڕاپۆرتەکەی تەواو دەکات‌و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکات، بڕیارە لەدانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران تاووتوێبكرێت، کە سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

بەوتەی سەرچاوەكە، پرسی داهاتە ناوخۆییەکان‌و ڕادەستکردنی (50%)ی هەرێم بەبەغدا ڕێککەوتنی لەسەركراوە، نیمچە ڕێككەوتنیش لەسەر تەوتین كراوە، هاوكات رێککەوتنیش کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

ڕونیشیکردوەتەوە، تاکە خاڵی ناکۆکی ماوەتەوە، پەیوەندیی بەو بڕە هەیە کە هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، حکومەتی فیدراڵی پێیوایە (46) هەزار بەرمیلە، لەکاتێکدا کوردستان داوای (65) هەزار بەرمیل دەکات، ئەگەری گەیشتن بەسازانیش هەیە پێش دانیشتنی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەى دوێنێ شەممە بارەگای بارزانی ڕایگەیاند لایەن‌و کەسایەتییە سیاسییەکان‌و حکومەتی فیدراڵ، بەڵێنیانداوە لەچەند ڕۆژی داهاتودا کێشەی ناردنی موچەو شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسه‌ربکەن.

لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە، پەیوەست بەکێشەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی عێراق، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی موچە، بودجەو شاییستە داراییەکانی هەرێم، مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبوەوە.

له‌وه‌ڵامى ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ى باره‌گاى بارزانیدا، سەرچاوەیەکی حکومی له‌به‌غداوه‌ به‌شارپرێسى وت:"هیچ كه‌س داواى ده‌رفه‌تى له‌ئێوه‌ نه‌كردوه‌، چونكه‌ هیچ گۆڕانکارییەک لەهەڵوێستی حکومەتدا نییەو حكومه‌ت بڕیارى خۆیداوه‌، هەر شتێکی دیکەش پێشنیازبکرێت، تەنها قسەو باسەو هیچى تر".

ش.ح