شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی سوریا ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی سوپا ئەمڕۆ دەستیانکردوە بەجوڵە بەرەو سوەیدا، هاوکات قەدەغەی هاتوچۆی لەو پارێزگایە تا کاتێکى نادیار ڕاگەیەندراوە.
ئاژانسى هەواڵیی سوریا (سانا)، بەپشتبەستن بەزانیاریەکانى هێزەکانی حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، قەدەغەی هاتوچۆیان لەشاری سویدا ڕاگەیاندوە، دوای ئەوەى لەسێ ڕۆژى ڕابردودا تێکهەڵچونو ڕوبەڕوبونەوەى قورس ڕویداوەو تائێستاش نزیکەی 100 کوژراوی لێکەوتوهتهوە.
فەریق ئەحمەد ئەلدەلاتی فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای سویدا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوه، "هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆو بەرگریی دەست بەچونە ناو سەنتەری شاری سویدا دەکەن".
سەرۆکایەتیی ڕۆحانیی دروزەکانی سوریا، پێشوازیی لەچونە ناوەوەی هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆو بەرگریی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوەندە ئەمنیو سەربازییەکانو دابینکردنی ئاسایشی پارێزگای سوەیدا.
لەبەیاننامەیەکیشدا، سەرۆکایەتیی ڕۆحانیی دروزەکان، داوای لەسەرجەم گروپە چەکدارەکانی پارێزگای سوەیدا کردوە کە هاوکاریی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بکەنو دژایەتیی هاتنەناوەوەیان نەکەن، هەروەها چەکەکانیان ڕادەستی وەزارەت بکەن.
جەختیش لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی سوریا کراوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی ڕوداوەکانو کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهاوکاریی خەڵکی پارێزگاکە.
سێ ڕۆژە شەڕو پێکدادان لەگوندەوارەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای سوەیدا بەردەوامە، شەڕەکان لەدەوروبەری گوندی کەنناکرو لەشارۆچکەکانی ئەلسەعلەو ئەلمەزرەعە چڕبونەتەوە، لەنێوان گروپە دروزەکانو گروپە چەکدارە دەشتەکییەکان (بەدەوی) لەلایەکو لەلایەکی دیکە ڕوبەڕوی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتەکانی بەرگرییو ناوخۆی سوریاش بونەتەوە.
بهگوێرهى بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی ڕۆحانیی دروزەکان، ئەم هەڵوێستە دوای ئەو ڕوداوە دڵتەزێنانە دێت کە لەڕۆژانی ڕابردودا پارێزگای سوەیدای گرتەوەو بوە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتى، ئەمەش لەپێناو ڕێگریکردن لەخوێنڕشتنو گێڕانەوەی ئاسایشو سەقامگیریی بۆ پارێزگاکەو لەباوەڕبون بەوەی کە بەدیهێنانی ئەمە "پێویستی بەسەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتە بەسەر پارێزگاکەدا لەرێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە، بەتایبەتی دامەزراوەی ئەمنیو سەربازیی".
