ده‌سه‌ڵات به‌سودانى درا.. چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیارى خۆیدا

کوردستان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 30687 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەوی ڕابردوو کۆبونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجامدراو لەبەیاننامەی کۆبونەوەکەشدا بەهیچ جۆرێک باس لەکێشەکانی نێوان هەرێم‌و بەغداو دۆسیەی موچەو نەوتی هەرێم نەکرا، پەرلەمانتارێکی کورد له‌به‌غداوه‌ زانیاریی ئەوە ئاشکرادەکات، لەکۆبونەوەکەدا سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سودانییان سەرپشک کردوە بۆ مەمەڵەکردنی‌و پابەندکردنی هەرێم بەبڕیارەکانی دادگای فیداڵی‌و هەناردەی نەوتی هەرێم.


کاروان یاروەیس پەرلەمانتاری یەکێتیی لەبەغدا لەدیدارێکی میدیاییدا باسی لەوەکرد، لەکۆبونەوەی شەوی ڕابردوی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەهیچ جۆرێک باس لەموچەی موچەخۆرانی هەرێم‌و کێشەکانی هەولێرو بەغدا نەکراوەو لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی وتویەتی، ئەو کێشەیەی هەولێرو بەغدا هەیەو بەچارەسەرنەکراوەی ماوەتەوەو بۆچونى ئێوە چییە لەبارەیەوە.

به‌وته‌ى په‌رله‌مانتاره‌كه‌، لەوەڵامدا ئەوانیش وتویانە، خۆت بۆچونت چۆنە لەسەر کێشەکەو چارەسەرەکەی، ئەویش وتویەتی، بەڕای من دەبێت هەرێم پابەندبێت بەهەناردەی نەوت‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بەوجۆرەی کە وەزارەتی دارایی‌و وەزارەتی نەوت داوای دەکەن‌و حکومەتی هەرێم پابەندبکرێت بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە ئینجا ئێمە موچە بنێرین.

لەوەڵامیشدا سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وتویانە، کەواتە خۆت سەرپشکبە لەمامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان‌و چۆنێتی پابەندکردنی هەرێم بەبڕیارەکانی دادگاو داواکاریەکانی حکومەتەوە لەلایەن هەرێمەوە.

کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخەکە بەجۆرێکەو ڕوداوەکان ئەوە دەردەخەن کە هیچ هیوایەک نەبێت ئەمڕۆ لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە.

سەبارەت بەکاری لیژنە وەزارییەکەش یاروەیس ئاشكرایكردوه‌، بەداخەوە تائێستا لیژنه‌كه‌ نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێک‌و هیچ ڕاپۆرتێکیان ئامادەنییە بۆ ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ئەرکەکەیان بۆ کێشەی موچەو نەوتی هەرێم.

ئەمە لەکاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، نوری مالیکی سەرکردەی دیاری شیعەکان پەیوەندیکردوە بەمه‌سعود بارزانییەوەو پەیامی ئەوەی پێداوە کە پەلە نەکەن لەبڕیاردان‌و ئەوان بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن‌و کەمێک دەرفەتیان دەوێت تا دەگەنە چارەسەرێک بۆ کێشەکان، هەر بەو هۆیەشەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە چاوەکان هەموو لەسەر کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگین بۆ ئەوەی بزانرێت بۆچونیان چییە لەبارەی موچەوەو ئەو چارەسەرەی باسکراوە چۆن دەبێت.

بەپەلە