شارپرێس:
منداڵانی غەززە بەو گروپە دادەنرێن کە زۆرترین کاریگەری برسێتییان لەسەرە بەبەراورد لەگەڵ کەسانی گەورە ساڵ، ئەمەش بەهۆکاری بایۆلۆجیو فیزیۆلۆژی کە وایان لێدەکات زیاتر بەرەوڕوی بەدخۆراکیی ببنەوە.
بەگوێرەی شارەزایانی بواری خۆراک، منداڵان یەدەگی وزەیان کەمترە، هەروەها جەستەیان بەخێرایی زیاتر کالۆری دەسوتێنێت بەهۆی قەبارەی بچوکی جەستەو ڕێژەی گەشەکردنی زۆرەوە.
ئەندرو پرێنتیس پرۆفیسۆری نێودەوڵەتی خۆراکپێدان لەقوتابخانەی لەندەن بۆ پزیشکییو پزیشکی کەمەرەیی لەگامبیا دەڵێت:"بەبێ خواردن، منداڵ لەماوەی دوو هەفتەدا دەمرێت، لەکاتێکدا پێگەیشتویەک دەتوانێت لەنێوان 40 بۆ 70 ڕۆژدا بژی".
هەروەک دەڵێت، "لەیەکەم کاتژمێرەکانی برسێتیدا جەستە پشت بەکۆگاکانی شەکر لەجگەردا دەبەستێتو دواتر دەگۆڕێت بۆ سوتاندنی چەوری، بەڵام ئەم پرۆسەیە لەمنداڵاندا زۆر خێرا دەبێت، ئەمەش پێشکەوتنیان بۆ قۆناغە پێشکەوتوەکانی بەفیڕۆدانو بەدخۆراکیی خێراتر دەکات".
هەروەک، گەشەی مێشکو دڵی منداڵان پەیوەستە بەدابینکردنی وزەی بەردەوام، کاتێک چەوری کەمدەبێتەوە، جەستە دەستدەکات بەتێکدانی ماسولکەو شانە گرنگەکان بۆ وزە، ئەمەش بەخێرایی زیاتر لەمنداڵاندا ڕودەدات بەهۆی کەمی بارستەی ماسولکەکانیانەوە.
لەحاڵەتی برسێتیی لەوشێوەیەشدا نیشانە توندەکانی کەمخۆراکیی دەردەکەون، وەک دەرکەوتنی ئێسکەکان، ئاوسانی سک، هەڵدانی توێکڵی پێستو هەڵوەرینی قژ، ئەمە جگە لەکەمبونەوەی پلەی گەرمی بەهۆی تێکچونی کارکردنی ڕژێنەکانی غودەی دەرەقی، ئەمەش ڕەنگە سەربکێشێت بۆ توشبون بەوڕێنەکردن یان مردن بەهۆی داڕمانی سیستەمی بەرگرییو لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە.
داتاکانی پۆلێنکردنی قۆناغی ئاسایشی خۆراک ئاماژە بەوەدەکەن، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی غەززە کە نزیکەی 420 ههزار کەسن، ڕۆژانە بەبێ خواردن دەمێننەوە، لەکاتێکدا بڕوا وایە لەهەر پێنج کەس یەک کەس مەترسیی کەوتنە ناو قاتوقڕیی هەیە.
لای خۆیەوە، نازیحە ئەلموسەوی لەخاچی سوری بەریتانیا باسی لەوەکردوە، ئەم قەیرانەی برسێتییەی لەغەززە هەیە، هەڕەشە لەنەوەکانی داهاتوو دەکات، چونکە برسێتی درێژخایەن زیانی درێژخایەنی لێدەکەوێتەوە، لەوانەش زیان بەکارکردنی مێشکو ئەندامە گرنگەکان دەگەیەنێت، کە چارەسەرکردنی ئەستەمە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
