شارپرێس:
گیانلەدەستدانی پزیشکی گەنجو ناسراوی عێراقی، (بان زیاد تارق) لەشاری بەسرە، بوەتە پرسێکی ڕای گشتییو بەخێرایی عێراقییەکان بەشدارییان تێداکرد بۆ گومانکردن لەچیرۆکی خۆکوشتنەکەییو داواکردنی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەدۆسیهكه، عەدنان زورفی سیاسەتمەداری عێراقیو ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ پێکهێنانی حکومەت لەساڵی 2020، هێرشێكى توند دهكاتهسهر حكومهتهكهى سودانىو دهڵێت:"گۆڕەپانی عێراق پەرەسەندنێکی مشتومڕانەی لەدوای دۆسیەی دکتۆر بان بەخۆوە بینیوە".
لەپۆستێکدا لەهەژماری تایبەتیی خۆی لەسەکۆی 'ئێکس" زروفى هێرشێکی توندیکردوهتەسەر حکومەتی عێراقو نوسیویهتى، "گۆڕەپانی عێراق، پەرەسەندنێکی مشتومڕانەی لەدوای دۆسیەی دکتۆر بان بەخۆوە بینیوە کە بوەتە هێمای ناڕازیبونی جەماوەریی بەرامبەر بەحکومەت".
زورفی لەنوسینەکەیدا دەڵێت، "دۆسیەکە کە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، فشەڵی دەزگا ئەمنییەکانو دەستێوەردانی پێشوەختەی سیاسەتمەدارانی ئاشکراکردوە لەڕێگەی لێدوانێکەوە کە لەلایەن خەڵکەوە بە"ئیستفزازی" دادەنرێت، ئەمەش فشاری خستوهتەسەر لێکۆڵینەوەکان".
دەشڵێت، "چاودێران پێیانوایە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن زیادەڕەویکردوە بەگرتنەبەری سیاسەتی دواخستنو پێکهێنانی لیژنە دوبارەبوەکان، ئەمەش متمانەی گشتیی لەناوبردوە، وەک ئەوەی لەحاڵەتەکانی پێشوی وەک ئاگری کوتو شەڕی دۆرادا ڕویدا".
هەروەک ئاماژهى بهوهداوه، "ئازادکردنی بکوژی شەهید هیشام هاشمی وەک نمونەیەکی زیندوو دەمێنێتەوە لەوەی کە خەڵک بەتێکدانی دادپەروەری وەسفیدەکەن".
زورفی ڕونیکردوهتەوە، "چالاکوانان هۆشداریدەدەن کە بەردەوامبون لەمامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکان بەمشێوەیە، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانە فەرمییەکانو وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەسەلامەتی خۆیان، ئەمەش زیادبونی دیاردەی بونی چەک ڕوندەکاتەوە".
بەوتەی زورفی، "ئەمڕۆ دکتۆر بان بوەتە هێمای نادادپەروەرییەکی گەورەو جەماوەر دوپاتیدەکەنەوە، گریمانەی "خۆکوشتن" قبوڵناکرێت، تەنانەت ئەگەر لەلایەن لیژنەکانی سەرۆکایەتیشەوە پشتیوانی لێبکرێت، بەڵکو حکومەت ڕاستەوخۆ بەرپرسیار دەبێت لەگیانلەدەستدانیو لەمانی ئەو کەمە ڕاستگۆییەی ماویەتی".
دکتۆر بان کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بابهتى دهرونناسى پێشکەشدەکرد، ڕۆژی دوشەممەی ڕابردوو لەماڵی خۆیان لەبەسرە گیانى لهدهستدا، بەڵام لێکۆڵینەوەکان تائێستا ڕاستیی چیرۆکی خێزانەکەیان سەبارەت بەخۆکوشتنی کچەکەیان پشتڕاستنەکردوەتەوە.
ئەوەی زیاتر نهێنییەکەی لەسەر گیانلەدەستدانی "بان" زیادکردوه، وتەی هاوکارەکانی بوه کە وتویانه، "هیچ کێشەیەکی دەرونی نەبوە"، لەکاتێکدا دزەپێکردنی زانیاریی لەڕاپۆرتی پزیشکی دادییەوە ئەو گومانانەی زیاترکرد بەهۆی سروشتی برینەکانی سەر لاشەی كۆچكردوهكه.
لەنوێترین پێشهاتیشدا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، لهکەناراواكانى شەتلعەرەب لەناوەندی بەسرە، خۆپیشاندانێک ڕێكخرا کە دەیان کەس تێیدا بەشداربون، لەنێویاندا پزیشکو پارێزەرو چالاكوانان بۆ داواکردنی لێکۆڵینەوەی ورد لەڕوداوەکەو قبوڵنەکردنی چیرۆکی خۆکوشتن.
