شارپرێس:
حسێن عەللاوی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەغدا و عەین ئەسەد لە مانگی ئەیلولدا کۆتایی دێت.
عەللاوی بۆ ئاژانسی بەغداد ئەلیەوم ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق پابەندە بە بەرنامەی حکومەت بۆ بنیاتنانی هێزە چەکدارەکان و کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گۆڕینی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. بۆیە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرەو پێشەوە دەچێت.
دەشڵێت، "ئەمە دوای ئەوە دێت کە عێراق گەیشتە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانییەکەو ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەغدای پایتەخت و بنکەی عەین ئەسەد لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ دەگۆڕێت بۆ بەرزکردنەوەی قۆناغی نوێی هاوکاری ئەمنی لە بواری ڕاوێژکاری و بنیاتنانی توانا بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
ڕوونیشیکردەوە، "ئەمە دیدگای حکومەتە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەردەوام کە هەموو بوارەکانیش لەخۆبگرێت، لەوانەش بواری ئەمنی.
دوپاتیشی کردەوە، "ئەمە ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی حکومەتی عێراق بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییەکان بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق-ئەمریکا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پەیوەندییە ئاساییانەی کە پێش کەوتنی موسڵ هەبوون، هەروەها بۆ سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەژێر ڕێڕەوی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکاندا".
ئ.ه
