شارپرێس:
وەزارەتی تەندروستیی ڕوسیا ڤاکسینی "ئیمۆرۆن-ڤاک"ی بۆ چارەسەری بەرگریی شێرپەنجەی میزڵدان تۆمارکرد، کە لەلایەن زانایانی سەنتەری نیشتمانیی توێژینەوەی پەتاناسیو مایکرۆبایۆلۆجی "گامالیا" پەرەی پێدراوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکرد، ڤاکسینەکە لەچارەسەری دوای نەشتەرگەریی گرێی شێرپەنجەییدا بەکاردێت.
ئەلێکساندەر گینتسبۆرگ بەڕێوەبەری سەنتەرەکە ڕایگەیاند، دەرمانەکە لەوڵاتانی ڕابیتەی دەوڵەتە سەربەخۆکان (CIS) داواکارییەکی زۆری لەسەرە.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەتۆمارکردنی ڤاکسینەکە، گینتسبۆرگ وتویهتى، "بەڵێ، تۆمارکراوەو بەسەرکەوتنێکی گەورەوە لەچارەسەری بەرگریی دوای نەشتەرگەریی شێرپەنجەی میزڵداندا بەکاردێت."
گینتسبۆرگ ئاماژەی بەوەشکرد، دەرمانەکە بۆ وڵاتانی ڕابیتەی دەوڵەتە سەربەخۆکانیش دابیندەکرێتو خواستێکی زۆری لەسەرە، لەگەڵ هەبونی پلان بۆ ناردنی بڕێکی زۆر بۆ ئەرمینیا لەداهاتویەکی نزیکدا.
وتیشی:"لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بەدەرمانەکە بەسەرکەوتویی تەواوبونو زانایان ئەنجامی باشی زیادەیان بەدەستهێناوە کە ڕێگە بەپزیشکان دەدات تێگەیشتنێکی ڕونتریان هەبێت لەمیکانیزمی کارکردنی ڤاکسینەکە".
بهگوێرهى ڕێنماییەکانی هاوپێچی دەرمانەکە، "ئیمۆرۆن-ڤاک" سیستەمی بەرگریی چالاکدەکاتو چالاکییەکی دژە گرێی هەیەو بۆ چارەسەری بەرگریی شێرپەنجەی ڕوکەشی میزڵدان یان بۆ خۆپاراستن لەدوبارەبونەوەی دوای لابردنی گرێکان دانراوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
