فوئاد حوسێن له‌باره‌ى موچه‌وه‌ حكومه‌تى عێراق ئاگادارده‌كاته‌وه‌

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5874 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی عێراق له‌باره‌ى موچه‌وه‌ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "پێویستدەکات لەبودجەی ساڵی 2026دا حکومەتی عێراق پابەندبێت بەوەی پشکی هەرێم بنێرێت‌و دەستوەردان لەچۆنییەتی خەرجکردنی ئەو بودجەیەدا نەکات"، ده‌شڵێت:"چونکە پەرلەمان‌و حکومەتی کوردستان دوو دامەزراوەی دەستوریین‌و ئەوان ئەرکی دابەشکردنی بودجەیان لەئەستۆیە".


ناکۆکیی سەرەکیی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنی نەوت‌و دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستانە، ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی بنەڕەتی بەئامانجی چارەسەرێکی هەمیشەیی کە هەم هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوەو هەم ناردنی موچە مسۆگەربکات.

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەچاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەمس ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی دەستور هەموو کاروبارەکان لەعێراق بەشێوەی فیدراڵی بەڕێوەدەبرێن، بەڵام یاسا بەرکارەکان لەعێراق کۆنن‌و وەک دەستور داوایدەکات هەموارنەکراونەتەوە، بۆیەش چارەسەری درێژخایەن بۆ کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا ئەوەیە یاسای نوێی نەوت‌و غاز دەربکرێت، ئەنجومەنی فیدراڵ‌و ئەنجومەنی فیدراڵی گومرگیش دروستبکرێن.

وتیشی، "ئێستا لێکتێگەیشتنێکی ڕون بۆ ڕادەستکردنی نەوت هەیە، ئەمەش چارەسەرێکی کاتییە تا کۆتایی ئەمساڵ، چارەسەری بنەڕەتی دەرکردنی یاسای نوێی نەوت‌و غازە، دەستوەردانی حکومەتی عێراقیش لەکاروباری ناوخۆیی کوردستان لەوانەش بابەتی موچەی فەرمانبەران، ناوی سیانی‌و وردەکاریی دیکە کارێکی ڕاست نییەو نابێت بەغدا دەسەڵاتە دەستورییەکانی کوردستان پێشێلبکات، کوردستان خۆی حکومەت‌و پەرلەمانی هەیەو دوای ئەوەی پشکی خۆی لەبودجەی عێراق وەردەگرێت، بەو شێوەیەی بەگونجاوی دەزانێت دابەشیدەکات".

سەبارەت بەگروپە چەکدارەکانیش وتی، "نابێت لەڕێگەی توندوتیژییەوە گروپە چەکدارەکان ناچار بەچەکدانان بکرێن، بەڵکو دەبێت لەڕێگەی گفتوگۆوە ئەم بابەتە چارەسەربکرێت".

ئه‌وه‌شى وت:"هاوکات، هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی یاسای حەشدی شەعبی‌و گروپە چەکدارەکان ڕونە، پێویستە ئێمە لەبەرژەوەندیی باڵای عێراق بڕیار بدەین‌و خاوەن یەک مەرجەعییەتی بڕیاربین".