بەڵگەنامەیەكی نهێنی ئاشكرابوو...ئیسرائیل هێرشی ئەتۆمی دەكاتە سەر عێراق؟

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4068 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیا کە بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاشكرایكردوه‌، ساڵی 1991 ئیسرائیل لەکاتی شەڕی رزگاری كوه‌یت خەریک بوە بەهێرشی ئەتۆمی لەعێراق بدات.

بەگوێرەی ماڵپەڕی میدل ئیست مۆنیتەر، "دوای ئەوەی عێراق ڕەتیکردەوە لەکوه‌یت بکشێتەوە، هاوپەیمانییەک بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لەمانگی یەکی ساڵی 1991 ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابانی دژی سوپای عێراق دەستپێکرد، عێراق بەموشەکی سکود وەڵامی دایەوە کەئیسرائیل و هێزەکانی هاوپەیمانان کە لەسعودیە جێگیرکرابون، کردە ئامانج".

بەپێی ئەو تۆمارانەی کە نوسینگەی کابینەی بەریتانیا بڵاویانکردوەتەوە، هەواڵگریی ئەمریکا دوای دو هەفتە لەدەستپێکردنی شەڕەکە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کردوە کەپێدەچێت عێراق زۆر بە زویی چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت، ئەگەری هەیە دژی سعودیە، ئیسرائیل، یان هەردوکیان بێت.

دان کوایل، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەجۆن مەیجر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای ڕاگەیاندوە، ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا "بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن عێراقەوە بەدڵنیایی دەزانن"، هەروەها دڵنیایی داوەتە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەوەڵامێکی تەقلیدی سەرسەخت وەڵامی هەر هێرشێکی لەو شێوەیە دەدەنەوە.

لەمیانی دیدارەکەیاندا لەلەندەن، هەردوو سەرکردە هەڵوێستی ئیسرائیلیشیان تاوتوێ کرد، کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەخۆگرتن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا وتی، پێیوایە "بۆ ئێستا" دەیکات، چونکە پشتگیری نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە، بەڵام پێشبینی دەکرد ئیسرائیل لەکۆتاییدا وەڵام بداتەوە.

دان کوایل، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕازی بوو، بەڵام هۆشداریدا لەکێشەیەکی ڕاستەقینەیە ئەگەر سەدام حسێن چەکی کیمیایی دژی ئیسرائیل بەکاربهێنێت، بەسه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا دەڵێت، "لە خراپترین سیناریۆدا ئەگەر هەزاران قوربانی هەبێت، وەڵامی ئیسرائیل پێده‌چێت ئەتۆمی بێت".

بەڵام هەڵسەنگاندنە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئیسرائیل بەباشی پارێزراوە، وەزیری بەرگری بریتانیا دانی بەوەدانا کە هەموو موشەکەکانی عێراق کە ئیسرائیلیان کردوه‌تە ئامانج ڕێگرییان لێ نەکراوە، بەڵام متمانەی خۆی دەربڕی کە عێراق توانای نەماوە هێرشێکی موشەکیی بەرفراوان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات، بەریتانیه‌كان پێیان وایە ئەو دۆخە یارمەتی ئەمریکای داوە ئیسرائیل ڕازی بکات کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ هاوپەیمانان جێبهێڵێت، بەوەش یەکێتی هاوپەیمانان پارێزراو بوە.

ش.ح