شارپرێس:
کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق لهبارهى بەشداریکردنی نەوەی نوێو بەرەی گەل لەهەڵبژاردنى پهرلهمانى عێراق ڕونكردنهوه دهداتو ڕایدهگهیهنێت، "ئهگهر كاندیدهكانیان هیچ تێبینیهكیان لهسهر نهبێت، كێشهیان نابێتو بهشداریى كێبڕكێى ههڵبژاردن دهكهن".
جومانە غهلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكرد، لەبارەی دۆسیەی نەوەی نوێو بەرەی گەل کە سەرۆکەکانیان زیندانیکراون، چاوەڕێن فەرمانگەی حزبو ڕێکخراوەکان ڕاپۆرتی خۆیان بەرزبکەنەوەو دواتریش ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیاری خۆی لەسەر ئەو بابەتە دەدات.
جهختیشیكردهوه، "بەڵام سەبارەت بەکاندیدەکانی نەوەی نوێو بەرەی گەل، ئەگەر مەرجەکانی شیاویەتییان تێدابێت، کێشەیان نابێتو دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن".
لە12ی ئابى ئهمساڵهوه، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێو لە22ی ئابیشەوە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل بەهۆی بونی داواکاریی لەسەریان لەلایەن دادگاوە، لەسلێمانی زیندانییکراون ئەوەش چارەنوسی حزبەکانیانی بەنادیاریی هێشتوەتەوەو دیارنییە لەنەبونی سەرۆکەکانیان، دەتوانن پارێزگاری لەدەنگەکانیان بکەن یاخود نا.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژه بهوهدهكات، "کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێویستی بە 250 هەزار کارمەندی سەر سندوق هەیەو زیاتر لە 800 هەزار کەسیش داواکاری پێشکەشکردوە، پاداشتی کارمەندانیش لە 150 هەزارهوه بۆ 400 هەزار دینار دەبێت، ڕۆژی هەڵبژاردنیش زیاتر لەهەشت هەزار بنکەو 39 هەزار وێستگەی دەنگدان دادەنرێن".
ئهوهشى وت، "بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەر دەنگدەرێک پەنجەمۆرەکەی نەیخوێنێتەوە، وێنەی بایۆمەتری بۆ بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەوەی ئامێرەکانی دەنگدانیش هاکنەکرێن، کۆی پرۆسەی دەنگدان بەکێبڵ پێکەوە دەبەسترێتەوە نەک ئینتەرنێت".
سهبارهت بهبانگهشهى پێشوهخته غهلاى وتى، "لەسەر بانگەشەی پێشوەخت چەند کاندیدێک بەبڕی دوو ملیۆن دینار سزادراونو تائێستاش کۆمسیۆن هیچ وادەیەکی بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیارینەکردوە، هەر کاندیدێکیش لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان تێبینی لەسەربێت، کۆمسیۆن بڕیاری پێویستی لەسەر دەردەکات ئەوەشی هیچ تێبینی لەسەرنەبێت بەشداریی هەڵبژاردن دەکات".
